قەیرانی ئاو لە ئێران هەڕەشەی کۆچێکی زۆرەملێی ١٥ ملیۆن کەسی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات
  2026-05-13       231       

شارەزایانی بواری ئاو زەنگی مەترسییەکی گەورە لێدەدەن و هۆشداری دەدەن کە ئەگەر بەپەلە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لە شارەکانی ناوەڕاستی ئێران کەم نەکرێتەوە، ئەوا وڵاتەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچی زۆرەملێ دەبێتەوە کە تێیدا ١٥ ملیۆن کەس ناچار دەبن بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچ بکەن.

ئاوێنە: ​لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕاپۆرتێکی فەرمی و هۆشداریدەری سەبارەت بە قووڵبوونەوەی قەیرانی بێئاوی و لێکەوتەکانی لەسەر کۆچکردنی دانیشتووانی ناوەڕاستی ئێران بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.

​بەپێی وردەکارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، هۆکارەکانی وەک وشکەساڵی لەگەڵ نەبوونی هیچ ستراتیژییەتێک و سیاسەتێکی زانستیی جێگیر وایکردووە کە لە ئێستادا تەنیا ٢٢٪ـی قەبارەی بەنداوەکانی تاران ئاویان تێدابێت، کە ئەم ڕێژەیەش تەنانەت نەگەیشتووەتە ئاستی تۆمارکراوی ساڵی ڕابردوو. ئەم قەیرانە قورسە تەنیا تارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی خستووەتە سەر پارێزگاکانی دیکەی وەک ئەسفەهان، یەزد و ئەلبوورز، بە جۆرێک کە لە ئێستادا نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەس لە ژێر هەڕەشە و گوشاری توندی بێئاویدا دەژین.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئامارێکی مەترسیدار خراوەتە ڕوو، کە ئاماژە بەوە دەکات قەبارەی سەرچاوە نوێبووەکانی ئاو لەو ناوچانەدا تەنیا ٢١ ملیار مەتر سێجایە، لە کاتێکدا بڕی بەکارهێنانی ئێستا دەگاتە ٣٦ ملیار مەتر سێجا. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە بە "کارەساتێکی ژینگەیی" وەسف کراوە، شارەزایان پێیانوایە پێویستە بەپەلە بڕی ١٦ ملیار مەتر سێجا لە بەکارهێنانی ئاو کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی بگەڕێتەوە.

​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی خێرا چڕبوونەوەی قەیرانی ئاوەوە، مەترسییەکی جدی هەیە کە ١٥ ملیۆن کەس، بەتایبەتی لە دانیشتووانی پارێزگای تارانەوە، ناچار ببن کۆچی زۆرەملێ بکەن بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری ئێران، ئەم پێشهاتەش بە ڕوونی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و تێکچوونی دیمۆگرافیای ناوچەکە هەژمار دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×