تۆماركردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ له‌ پسوله‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆراك ده‌ستپێبده‌كات
  2026-05-13       228       

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، پڕۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵانی تەمەن 1 بۆ 12 ساڵ له‌ پسولەی ئه‌لیكترۆنی خۆراکدا لە سلێمانی و دەوروبەری دەستیپێکردوە.

ئاوێنه‌: نەوزاد شێخ کامل، بەرێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک، قۆناغێکی نوێی پڕۆسەکە دەستیپێکردوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەدا، هاوڵاتییانی شاری سلێمانی و دەوروبەری، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و هەمو قەزا و ناحیەکانی سەر بەم سنورانە؛ دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەتی پسولەی خۆراکەوە ناوی منداڵەکانیان (لە تەمەنی 1 بۆ 12 ساڵ) زیاد بکەن.

نەوزاد شێخ کامل باسی لەوەش کرد، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم مەرجانە جێبەجێ بکرێن: منداڵەکە خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی خۆراک و دڵنیابونەوەیە لەوەی هەمو شایستەکان هاوکارییەکانیان پێدەگات.

داواشی لە هاوڵاتییان کرد بەزوترین کات ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن تاوەکو لە خزمەتگوزارییەکانی پسولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی سودمەند بن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×