محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له وته‌ی ماڵئاواییدا رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی كه‌متر له چوار ساڵی ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌یدا قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كان و هنه‌روه‌ها رێژه‌ی هه‌ڵاوسان دابه‌زیوه‌و ئاستی بێكاریش كه‌میكردوه. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه پاڵپشتی له حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كه‌ن له هه‌مو ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا ده‌یاندات.
ئاوێنه: محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له وته‌ی ماڵئاواییدا، باسی له‌و "ده‌ستكه‌وتانه" كرد كه له‌ماوه‌ی كه‌متر له چوار ساڵی ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌یدا له عێراق به‌ده‌ستیانهێناون.
به‌پێی قسه‌ی سودانی، له ماوه‌ی ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌یدا ئه‌مانه دیارترین ده‌ستكه‌وته‌كانیان بوه:
-ڕاکێشانی وەبەرهێنان قه‌باره‌ی زیاتر له (١١٤) ملیار دۆلار.
-بەرزبونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ (٢٩) هەزار مێگاوات.
-دروستکردنی کارگەی نوێ و بەدەستهێنانی خۆبژێوی لە بەرهەمەکانی ئاسن، په‌یین، چیمەنتۆ، شەکر، ئارد و زەیتی خواردن، جگە لە دەستپێکردنی (٥٤٣٠) پڕۆژەی پیشەسازی نوێ.
-جێبه‌جێكردنی پڕۆژەی به نیشتمانیکردنی پیشەسازی دەرمان به‌شێوه‌یه‌ك كه ڕێژەی پشت بەستن بە دەرمانی ناوخۆیی لە ١٠٪ه‌وه بۆ ٤٠٪ی پێداویستی نیشتمانی بەرزبۆته‌وه.
-پاڵپشتیكردنی جوتیاران و گه‌یشتن به خۆبژێویی لە بەرهەمی گەنم کە لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتۆتە (٦.٢) ملیۆن تۆن.
-زیادبونی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ بەرهەمە جۆراوجۆرەکان بە ڕێژەی (١٨٪) لە ماوەی ٣ ساڵداو بەرزبونەوەی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک بە ڕێژەی زیاتر لە ١٢٠٪.
-دابەزینی ڕێژەی بێ‌کاری لە (١٦.٥٪)ه‌وه بۆ (١٣.٥٪) و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ پڕۆژە بچوکەکان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
-زیادكردنی (٩٦٣) هەزار خێزانی نوێ بۆ ژێر چەتری چاودێری کۆمەڵایەتی و دابه‌زینی پێنوێنه‌كانی هەژاری لە (٢٥٪)ـەوە بۆ نزیکەی (١٠٪).
-پەرەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنانی نەوت و بەدەستهێنانی پێشکەوتنی گەورە لە ڕاگرتنی سوتانی گاز و وەبەرهێنان تێیدا بە ڕێژەی (٧٤٪)، كه پێشتر (٥٢٪) بوه.
-بەرزبونەوەی توانای پاڵاوتنی گشتی پاڵاوگەکان لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢، بۆ نزیکەی ١.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦.
-بڕینی هەنگاوی یەکلاکەرەوە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، کە قۆناغی یەکەمی چوەتە بواری جێبەجێکردنی كرداری و ١٠٠ هەزار دەرفەتی کار دابین دەکات.
-ئه‌نجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ یەکەمجار لە دوای ٣٨ ساڵ.
-دابه‌زینی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە نزیکەی (١٣) ملیار دۆلارەوە بۆ سنوری (١٠) ملیار دۆلار، هەروەها هەڵئاوسانی ساڵانە لە (٧.٥٪)ـەوە بۆ (٢.٧٪) دابەزیوه.
-جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنورییەکان کە بۆتە هۆی زیادبونی داهات و ڕاگرتنی بەفیڕۆدان و پاراستنی کەرتە پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانییە نیشتمانییەکان.
-پارێزگاریكردن لە خێرایی جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشەپێدەرەکان و دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان و موچە بە موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
-له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربونی حكومه‌تدا، قەرزی ناوخۆیی نزیکەی ٧٠ تریلیۆن دینار بو، لە کاتێکدا قەرزی ناوخۆیی بۆ سێ ساڵی ڕابردو نزیکەی ٤٦ تریلیۆن دینار بوە و ١٩ تریلیۆن دیناری لێ دراوەتەوە.
-جێبه‌جێكردنی (٢٥) پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاو کە (٤)یان پڕۆژەی گەورەن لە دەوروبەری بەغدا و داپۆشینی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ تا رێژه‌ی (٧٤٪) لە سەرتاسەری عێراق.
-تەواوکردنی نزیکەی ١٠٠٠ کم لە ڕێگا دەرەکییە نوێیەکان و دروستکردنی (١٢) پردی نوێ و (١٦) پڕۆژە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدا، لەگەڵ زیاتر لە (٧٢٥) پڕۆژە لە سەرتاسەری وڵات‌دا.
-ته‌واوكردنی قۆناغی یەکەم له بەندەری فاو-ی گەورە بە پێنج پڕۆژەکەیەوە كه ئێستا دۆسیەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بۆ کۆمپانیا کارپێکەرەکان ڕابگەیەندرێت.
-کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەربەلا و موسڵ، لەگەڵ نزیکبونەوەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی ناسریە، هاوشان لەگەڵ پڕۆژەکانی بەیەکبەستنی هێڵی ئاسن و کارەبا.
-دروستکردنی (١٩٤٣) باڵەخانەی خوێندنگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی هەزاران باڵەخانە بە ڕێژەیەک کە لە مێژوی باڵەخانە پەروەردەییەکان لە عێراقدا وێنەی نەبوە.
-هێنانه‌وه‌ی زیاتر لە ٣٨٣ ملیار دۆلار و ٣٣ تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات جگە لە تەواوکردنی ٤٦٠ دۆسیەی تری گەڕاندنەوە.
سودانی جه‌ختیشی كرده‌وه، سورین لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ و لەگەڵیدا دەبین لە هەمو ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتیدا دەیدات.
وتیشی، حکومەتەکەمان بەرگەی بڕێکی زۆر لە تۆمەتی ناڕاست و چەواشەکارانە و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکانی گرتوە، سەرەڕای هەبونی بەڵگەی ڕون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرجەستە بەدیهاتوە.