ئاژانسی رۆیتهرز له زاری چهندین سهرچاوهوه بڵاویكردۆتهوه كه له كاتی شهڕی ئێراندا فڕۆكه جهنگییهكانی سعودیه پێگهكانی میلیشیاكانی لایهنگریی ئێرانیان لهناو خاكی عێراق بۆردومان كردون و ههروهها میلیشیاكانی عێراق له كوێتیشهوه به موشهك بۆردومان كراون.
ئاوێنه: ئاژانسی رۆیتهرز، ئهمڕۆ چوارشهممه، له راپۆرتێكدا هێمای بۆ ئهوه كردوه كه فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە کاتی شەڕی ئێراندا، ئەو ئامانجانەیان بۆردومان کردون کە پەیوەندییان بە میلیشیا شیعە بەهێزەکانی سەر بە تارانەوە ههیه لە ناو عێراقدا، لە هەمان کاتدا هێرشی تۆڵەسەندنەوە به موشهك لە کوێتەوە بەرەو ناو خاکی عێراق ئەنجامدراوه.
رۆیتهرز هێمای بۆ ئهوه كردوه كه ئهو زانیارییانهی لانیكهم له سێ بەرپرسی ئەمنی و بهرپرسێكی سەربازیی عێراقی و بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی و دو کەسی ئاگادار لە بابەتەکە کە یەکێکیان لە ئەمریکایە، وهرگرتون.
بەرپرسه ڕۆژئاواییهكه و کەسه ئاگادارهكه لە بابەتەکە ڕایانگەیاندوە کە هێرشەكانی سعودیه لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئهو وڵاتهوه بۆ سەر ئامانجەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک سنورەکانی باکوری سعودیە لەگەڵ عێراق ئەنجامدراون. بەرپرسە ڕۆژئاواییەکە وتیشی، هەندێک لە هێرشەکان لە نزیك کاتی دهستپێكردنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 7ی نیسان، ڕویانداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو هێرشانە ئەو شوێنانەیان کردوەتە ئامانج کە لێیانەوە هێرشی درۆن و موشەکی بۆ سەر سعودیە و دەوڵەتانی تری کەنداو ئەنجامدراون.
سەرچاوە عێراقییەکان بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان ڕایانگەیاندوە کە لانی کەم دو هێرشی موشەکی لە خاکی کوێتەوە بۆ سەر عێراق ئەنجامدراون. وتوشیانه، کۆمەڵێک لەو هێرشانە لە مانگی نیساندا لە پێگەکانی میلیشیاکانیان داوە لە باشوری عێراق، کە بوەتە هۆی کوژرانی چەند چهكدارێك و وێرانکردنی دامەزراوەیەک کە لەلایەن میلیشیای کەتائیبی حزبوڵای سەر بە ئێران بهكاردههێنرا بۆ پەیوەندیی و هێرشه درۆنییهكان.
رۆیتهرز هێمای بۆ ئهوه كردوه كه نهیانتوانیوه ئهوه دیاری بکهن كه ئاخۆ ئەو موشەکانەی لە کوێتەوە هاوێژراون لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کوێتەوە هاوێژراون یان سوپای ئەمریکا کە ئامادەییەکی زۆری لە كوێت هەیە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندوە کە سعودیە هەوڵی هێورکردنەوە و دانبەخۆداگرتن و "کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات لە پێناو سەقامگیری و ئاسایش و گەشەسەندنی ناوچەکەدا،" بەڵام باسی بابەتی هێرشەکانی سەر عێراقی نەکردوه. وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵای عێراقیش دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوهتهوه.
ڕۆژی سێشەممە ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە سعودیە لە کاتی شەڕەکەدا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکانی سەر وڵاتهكهی، هێرشی ڕاستەوخۆی کردوەتە سەر ئێران، ئەمەش یەکەمجارە بزانرێت ڕیاز لە خاکی ئێرانی دابێت. سێ کەسی ئاگادار لە بابەتەکەش وتویانە کە ئیماراتیش هێرشی هاوشێوەی کردوەتە سەر ئێران.
بەڵام هەمو سەرچاوەکان باسیان لهوه كردوه کە ئهو سەدان درۆنهی وڵاتانی کەنداویان کردوەتە ئامانج، لە عێراقەوە هەڵساون.
ئاژانسهكه نوسیویهتی، بەردەوامی هێرشەکان لە بەرەی دوەمەوە لە عێراق وایکرد سعودیە و کوێت ئارامیان بەرانبەر میلیشیاکان لهبهرههڵبگیرێت، کە بە کۆمەڵ فەرماندەیی دەستەیەک دەکەن کە دەیان هەزار شەڕکەر و جبەخانەیەکی گەورەی موشەک و درۆنیان هەیە.
کوێت لە کاتی شەڕەکەدا سێ جار نوێنەری عێراقی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر هێرشە سنوربەزێنەکان و ههروهها هەڵکوتانە سەر کونسوڵخانەی کوێت لە شاری بەسره لە ٧ی نیساندا. سعودیەش لە ١٢ی نیساندا باڵیۆزی عێراقی بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر هێرشەکان.
بەپێی وتەی دو بەرپرسی ئەمنی عێراقی و ڕاوێژکارێکی سهربازیی حکومەتی عێراق، لە مانگی ئازاردا، سعودیە و کوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئاگاداری بەغدایان کردبوەوە کە هێرشی موشەکی و درۆنی گروپە لایەنگرەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو ڕاگرێت.
بهپێی قسهی چوار سهرچاوهی ئهمنیی عێراقی و كهسێكی ئاگادار، میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە ههڵدانی درۆنی سیخوڕی لەسەر سنورەکانی عێراق لەگەڵ کوێت و سعودیە بۆ کاری چاودێری و پێدانی زانیاریی ههواڵگریی به ئێران. ئەمەش بەپێی چوار سەرچاوەی ئەمنی عێراقی و کەسێکی ئاگادار لە بابەتەکە.
کەسە ئاگادارەکە لە بابەتەکە وتویهتی"ئەوان زانیاری کۆدەکەنەوە لەسەر ئەوەی چی زیانی پێگەیشتوە و چی هێشتا کار دەکات. ئەوان خۆیان بۆ هێرشی داهاتو ئامادە دەکەن."