ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند کەسانی نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات و بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران ئاراستەیان کردووە.
ئاوێنە: ئەم دامەزراوەیە ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٤ی گوڵان/ئوردیبەهەشت)، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕووداوێک لە دووریی ٣٨ میل دەریایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی "فوجەیرە" لە ئیمارات پێگەیشتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوەیە، "کەسانی بێ مۆڵەت" لە کاتی وەستانی کەشتییەکەدا دەستیان بەسەردا گرتووە و ئێستا ئەم کەشتییە بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران دەگوازرێتەوە. ئەم ڕووداوە لە نزیک گەرووی هورمز ڕوویداوە؛ کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە و ئێران دایخستووە.
تۆڕی "ئێن بی سی" بڵاویکردبووەوە کە چەند کەشتی و تانکەرێکی نەوتی بازرگانیی پەیوەست بە چینەوە لە ڕۆژی سێشەممەوە تا چوارشەممە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.
گەرووی هورمز بە ڕووی زۆربەی تانکەرە نەوتییە نێودەوڵەتییەکاندا داخراوە و ململانێیەکانیش لەگەڵ ئێراندا بوونەتە هۆی پەککەوتنی توندی زنجیرەی دابینکردنی وزە.
هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاش گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانیان فراوانتر کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو بارانەی بە "قاچاخ" هەژمار دەکرێن، دەکەنە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتۆن دەڵێت هەناردەکانی دیکەی نەوت لە کەنداوەوە دەتوانن بە ئازادی تێپەڕن.