ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشی سەر ئێران ئامادە دەکەن و تارانیش دەڵێت "هیچ شوێنێک پارێزراو نییە"
  2026-05-16       386       

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدایە و پێدەچێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە گرژییەکان پێ بنێنە قۆناغێکی سەختترەوە. زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەکاریی سەربازیدان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان دژی تاران، لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشدارییەکی توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە ئامانجەکانی گۆڕیوە و هیچ ناوچەیەک لە پارێزراویدا نامێنێت.

ئاوێنە: ​هەریەک لە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی و ماڵپەڕی "نوور نیوز"ی ئێرانی، وردەکاریی نوێ و مەترسیداریان لەسەر ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بڵاوکردووەتەوە. ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە پرۆسەی دانوستانەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و گەرووی هورمز بە تەواوی گەیشتوونەتە خاڵی بنبەست. هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل چڕترین ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان دەستپێبکەن.

​لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمزدا ئاماژە بە یەکێک لە بژاردە هەرە مەترسیدارەکانی واشنتۆن کراوە، ئەویش بریتییە لە ناردنی هێزی تایبەتی ئەمریکی بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو ماددە ئەتۆمییانەیە کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ئەو بنکە و دامەزراوانەی پێشتر بۆردوومان کراون، ئەمەش ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیە و پێویستی بە پشتیوانیی هەزاران سەربازی هێزی زەمینی و ئاسمانی دەبێت.

​لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی نوور نیوز، هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر جەنگێکدا، ئەو شوێنانەی کە لە ڕابردوودا بە ناوچەی ئارام و پارێزراو دادەنران، ئێستا بە تەواوەتی دەکەونە ژێر مەودای ئاگر و هێرشی هێزەکانیانەوە.

​ئەو بەرپرسە سەربازییە جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە لەم قۆناغەدا، ستراتیژیی و هەڵبژاردەی ئەوان بریتی دەبێت لە پێکانی ئەو ئامانجانەی کە لە ماوەی "جەنگی چل ڕۆژە"دا نەکراونەتە ئامانج و پارێزراو بوون.

​ئەم پێشهاتە خێرا و ئاڵۆزانە لە کاتێکدان کە درزەکانی دیپلۆماسی قووڵ بوونەتەوە، دانوستانەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی توند بوونەتەوە و دۆخی تەواوی ناوچەکە بەرەو جەنگێکی قورس و فراوان هەنگاو دەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×