بەهۆی پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ئاڵۆزی ئەمنی لەکەنداوی فارس و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی، عێراق هەوڵ دەدات بازاڕەکان دڵنیا بکاتەوە لە توانای خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ڕەوتی خاوی نەوت بەرەو بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
ئاوێنە: ساحیب بزون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیای 'ئەلعینوان'ی راگەیاند "وەزارەت ئامادەیی تەکنیکی تەواوی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت'.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کێڵگە نەوتییەکان "پارێزراون و ئامادەن بۆ کارکردن" و عێراق دەتوانێت ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل دووبارە بەرهەمبهێنێتەوە تەنها لە ماوەی حەوت ڕۆژدا دوای گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ کەشتیوانی دەریایی و گەیشتنی تانکەرە نەوتییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی.
بزون وتیشی "وەزارەت پلانی فریاگوزاریی چالاککردووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر داهاتی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق بۆ دابینکردنی زیاتر لە سەدا ٩٠ی داهاتی دەوڵەت پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت".
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت جەختیکردەوە بە بەردەوامیی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە کرد، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بەرەو بەندەری بانیاس، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە حکومییەکان بۆ فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە بەندەرەکانی کەنداو.
ساحیب بزون هێمای بۆ ئەوەشکرد، وەزارەتی نەوت کار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان دەکات، لەوانە کڕینی تانکەری زەبەلاحی نەوت و تەواوکردنی پڕۆژەی بەندەری نوێی بەسرە، بەڵام سنوورداریی تەرخانکردنی دارایی ڕێگرە لەبەردەم تەواوکردنی هەندێک پڕۆژە، جگە لەو بارگرانیانەی کە بەهۆی بەردەوامیی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وەزارەتی کارەبا دروستبوون.