نیویۆرك تایمز: بنكەی دووەمی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانی عێراق ئاشكرابوو
  2026-05-17       223       

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە کە بنکەی دووەمی سەرنازیی ئیسرائیل لە بیابانی رۆژئاوای عێراق دۆزراوەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی عێراقی و ناوچەکە، ئەو دوو بکە سەربازییە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەناو جەرگەی ئەو بیابانە کاریکردووە.

 

ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، دووەم بنکەی سەربازیی نهێنیی سەر بە ئیسرائیل لە ناوچە بیابانییەکانی عێراقدا دۆزراوەتەوە، هەروەها بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کار لەسەر ئامادەکردنی ئەم بنکە نوێیە دەکات، بە ئامانجی بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەکی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران.

ئەو دامەزراوە نهێنییانە، دانەیەکیان لە نزیک شارۆچکەی دوورەدەستی (نوخەیب) بووە، بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل له‌ دژی ئێران به‌كار هاتوون لەکاتی جەنگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراق و ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە ئەو شوێنە بەشێک بووە لە هەوڵێکی نهێنیی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی پێگەی پێشەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی عێراق، ئەمەش ڕێگەی بە فڕۆکەکان داوە مەودای فڕین بۆ ئێران کورت بکەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە پێویستیان بە پاڵپشتی ئاسمانی، سووتەمەنی تێکردنەوە و هاوکاری پزیشکی هەبووە.

دواتر بەرپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامەکە پشتڕاستیان کردەوە کە دووەم بنکەی ئیسرائیل لە بیابانی ڕۆژئاوادا هه‌بووه‌، هەرچەندە شوێنی وردی ئەو بنکەیە هێشتا نادیارە، سوپای ئیسرائیل ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتانە بدات.

هەبوونی یەکێک لەو بنکانە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە شوانێکی ناوچەکە بە ناوی (عەواد ئەلشەمەری) (٢٩ ساڵ)، لە مانگی ئاداردا لە ئەنجامی ئەوەی شایەتحاڵەکان بە هێرشێکی ئاسمانیی هەلیکۆپتەر وەسفیان کردووە کوژرا. دانیشتوانی ناوچه‌یه‌كی بەدەوی نزیک ئه‌و شوێنە وتیان کە فڕۆکەکە چەندین جار تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە، دوای ئەوەی بەبێ ئەوەی بزانێت لە شوێنە شاراوەکە نزیک بووەتەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×