سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ ده‌ربازبون له‌ چه‌قبه‌ستویی سیاسیی هه‌رێم پێشكه‌شی بافڵ تاڵه‌بانی كرد
  2026-05-17       283       

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ دەربازبون لە چەقبەستویی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان پێشکەشی بافڵ تاڵه‌بانی، سەرۆکی یەکێتی كرد. له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نێوانیاندا هەردولا هاوڕابون کە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستوی سیاسیی هەرێمی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات و بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە سه‌ڵاحه‌دین به‌ها‌دین، ئەمیندارى گشتی یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان کرد.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، لە کۆبونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکران و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە گرنگ زانرا.

نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی وتوشیه‌تی، "لەو پێناوەشدا مامۆستا سەڵاحەدین دەستپێشخەرییەکی بۆ دەربازبون لەو چەقبەستوییە سیاسییەی کوردستان پێشکەشی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد."

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "هەردولا هاوڕابون کە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستوی سیاسیی هەرێمی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات و بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت، ئەوەش بە دیدگایەکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە دەکرێت کە ئامانجی خزمەتکردنی هاونیشتمانییان بێت."

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند "ئێمە وەکو یەکێتی لە ڕابردودا، هەروەها بۆ ئێستا و داهاتوش بەرەوڕوی هەر دەستپێشخەرییەک دەچین کە لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە بێت و لە سود و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بێت."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌ "لە سۆنگەی ئەوەی کە ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی سەرەتا دەستپێشخەرییەکەی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد، سەرۆکی یەکێتیش بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە و لەپێناو زەمینەسازیی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکاری ئەو دۆخە بن و نەبنە بەشێک لە توندکردنەوەی ناکۆکییەکان."

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "هەر لە کۆبونەوەکەدا هەماهەنگی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە چوارچێوەی زیاتر خزمەتکردنی هاونیشتمانییان جەختی لەسەر کرایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×