موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعه له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوای لێده‌كات سه‌روه‌ریی عێراق بپارێزێت، دۆخی خزمه‌تگوزاری باشتر بكات و بەتوندیش دژی گەندەڵی بوەستێتەوە.
ئاوێنه: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامداوه‌و پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی لێكردوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، سه‌در داوای له زه‌یدی كردوه، سه‌روه‌ریی عێراق بپارێزێت و دۆخی خزمه‌تگوزاری باشتر بكات، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه په‌رۆشی و پێداگری و ئیراده‌ی له سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ‌دا بینیوه بۆ باشتركردنی دۆخی عێراق.
هه‌روه‌ك سه‌در داوای له زه‌یدی كردوه بەتوندی دژی گەندەڵی بوەستێتەوە، سامان و دەستکەوتەکانی وڵات بپارێزێت و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق دابین بکات، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، دابینکردنی پێداویستییەکان و پاراستنی مافەکانیان.
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعه كه بایكۆتی پڕۆسه‌ی سیاسی كردوه، پێشتر‌و به‌ر له ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، داوای لێ‌كرد، ئه‌و لایه‌نانه له حكومه‌ت دوربخاته‌وه كه باڵی چه‌كدارییان هه‌یه.