دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته سه‌ركردایه‌تی رژێمی ئێران كه كاتیان خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت و باشتره خێرا هه‌نگاو بنێن، ئه‌گه‌رنا هیچ شتێك له وڵاته‌كه‌یان نامێنێته‌وه.
ئاوێنه: دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له په‌یامێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تروس سۆشیاڵ، وتی "بۆ ئێران كاته‌كه خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت، باشتره خێرا هه‌نگاو بنێن، ئه‌گه‌رنا هیچیان لێ نامێنێته‌وه. كات جه‌وهه‌رییه."
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه به‌پێی میدیاكانی ئێران، واشنتۆن پێنج مه‌رجی سه‌ره‌كی داناون بۆ ئێران بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن، له‌وانه، ئه‌مریكا هیچ قه‌ره‌بویه‌ك ناداته ئێران، ده‌بێت ئێران 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمه پیتنێندراوه ئاست به‌رزه‌كه‌ی راده‌ستی ئه‌مریكا بكات، له‌نێو ئێران ته‌نیا یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی بمێنێت، ئازادنه‌كردنی هه‌تا 25%ی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران و گرێدانی راگرتنی جه‌نگ له به‌ره جیاجیاكان به ده‌ستپێكردنی دانوستان.
هه‌ر به‌پێی میدیاكانی ئێران، تاران ناچێته هیچ دانوستانێكه‌وه تاوه‌كو پێنج مه‌رجی سه‌ره‌كی به‌دی نه‌یه‌ن بۆ بونیادنانی متمانه، له‌نێویاندا راگرتنی شه‌ڕ له هه‌مو به‌ره‌كان به‌تایبه‌ت لوبنان، هه‌ڵگرتنی ته‌واوی سزاكانی ئه‌مریكا، ئازادكردنی سه‌رجه‌م پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران، قه‌ره‌بوكردنه‌وه زیانه‌كانی جه‌نگ و داننانی ئه‌مریكا به سه‌روه‌ریی ئێران له‌سه‌ر گه‌روی هورمز.
ئاژانسی میهر نوسیویه‌تی، ئه‌مریكا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی كۆنكرێتی بداته ئێران، خوازیاری به‌ده‌ستهێنانی هه‌مو ئه‌و شتانه‌یه كه به جه‌نگ نه‌یتوانیوه به‌ده‌ستیان بهێنێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆ وته‌بێژی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له په‌رله‌مانی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌مریكا یان ده‌بێت مه‌رجه‌كانی ئێران په‌سه‌ندبكات و راده‌ستی دیپلۆماسیه‌تی ئێمه ببێت، یاخود ده‌بێت راده‌ستی موشه‌كه‌كانی ئێمه بێت.
وتیشی، ئێران، سازش له‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی خۆی ناكات.