لە هەنگاوێکی نوێ و ستراتیژیدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، ئێران ڕێوشوێنی نوێی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان گرتووەتەبەر.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە فەرمی دامەزراندنی دەستەیەکی نوێی بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی “گەرووی هورمز” ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوەى تاران لە کاتێکدایە، هەوڵە دبلۆماسییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە چەقبەستووییدایە و بڕیارەکەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی هەموارکراوی بۆ ئاشتی ڕەوانە کردووە.
چاودێران پێیان وایە کە ڕاگەیاندنی ئەم دەستە نوێیە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە، پەیامێکی بەهێزی تارانە بۆ واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی، کە تێیدا جەخت لەسەر کارتی فشار و باڵادەستیی خۆی دەکاتەوە لەسەر هێڵە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی وزە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە ستراتیژییەی ئێران و بەردەوامی توندبوونی مەرجەکانی لە دانوستانەکاندا، لایەنی ئیسرائیلی ئامادەکارییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل داوای بودجەیەکی پێوانەیی و مێژوویی بە بڕی ٦٢.٨ ملیار دۆلار بۆ ساڵی ٢٠٢٦ کردووە، بە مەبەستی پاراستنی ئامادەیی تەواو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی سەربازی کە پەیوەندی بە ئێران و ناوچەکەوە هەبێت.