وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند؛ ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە ماوەیەکە سەبارەت بە بوونی کامپ یان بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراقدا بڵاوبووەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم بانگەشانە سەرلەبەریان درۆن.
ئاوێنە: میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەبارەت بە دەنگۆی بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە عێراق و بەدواداچوونەکانیان لەو بارەیەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە ڕەتدەکەینەوە هیچ کامپێکی سەربازیی هیچ وڵاتێکی دیکە لە عێراقدا هەبێت، ئەو دەنگۆیانەش بە توندی ڕەتدەکەینەوە کە باس لە بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە عێراق دەکەن، ئەم بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: “فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەم بابەتەی پشتڕاستکردووەتەوە؛ وێنە و بەڵگەنامەش لەبەردەستدا هەن کە دەیسەلمێنن بیابانەکانی نەجەف و ئەنبار دوورن لە بوونی هەر بنکەیەکی سەربازیی لەو شێوەیە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانەکانی نێوان نەجەف و ئەنبار بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەوە، کە گوایە بۆ شەڕی دژ بە ئێران بەکارهێنراوە.