سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتدا، تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بە تەواوی کۆتایی دێت.
ئاوێنە: فەریق روکن عیسا عوزێری، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد "تائێستا وەزارەتی پێشمەرگە توانیویەتی هەشت فیرقە پێکبهێنێت، هەروەها کارەکانی فەرماندەی دەڤەری یەکیش کۆتایی هاتووە".
سەبارەت بە وادەکە عوزێری دەڵێت "لە ئێستا چاوەڕوانین فیرقەی 10 و فەرماندەی دەڤەری دوو لیستی ناوەکانیان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بکەین، بەوپێیەش تەواوی پرۆسەکە تا مانگی 9ـی ئەمساڵ کۆتایی دێت".
سوپاسالارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی زیادکرد "بەگوێرەی یاداشتی لێکگەیشتن، پێویستە تا 25ـی ئەیلوولی 2026، یەک هێزی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر چەتری حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا پێکبهێنرێت".
"پلانەکە بەو ئاراستەیەیە و هەوڵێکی جددیمان داوە و تائێستاش بەردەوامین؛ زۆر گەشبینین کە تا 25ـی 9 پرۆسەکە بە فەرمی بە کۆتا بهێنین". فەریق روکن عیسا عوزێری وای وت