میدیای رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، بەهاتین جەسور، زیندانی سیاسیی کورد دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا، لە زێدی خۆی لە مووش بە گوڵ و درووشم پێشوازی لێکرا.
ئاوێنە: میدیایەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهاتین جەسور کە لە زیندانی پیتی T لە ماڵتەپەی زیندانی کرابوو، دوای ٣٠ ساڵ و لە ٢٢ـی نیسان ئازاد کرا و لە دوای گەڕانەوەی بۆ مووشی زێدی خۆی بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا.
ئەوەش خراوەتە روو، جەسور لە فڕۆکەخانەش، لەلایەن پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکانی مووش و کەسوکارەکەیەوە بە گوڵ پێشوازی لێکرا.
هاوکات، لە کاتی پێشوازییەکەدا جەسور لێدوانێکی کورتی دا و باسی لەوەکرد، لە تێکۆشانی ئازادیدا زۆر کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دیسانەوەش گەلی کورد دەستبەرداری تێکۆشانی شکۆمەندی خۆی نەبووە.
هەروەها وتیشی "هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشگێڕانی کوردستانمان کردە بنەما، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت تا ڕێبەرەکەمان و هەڤاڵانمان ئازاد دەبن و گەلەکەمان مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت".