'یۆرۆپۆڵ' هەزاران ئەکاونتی ئۆنلاینی سوپای پاسداران لە ١٩ وڵاتدا پەک دەخات
  2026-05-19       156       

یەکەی گەڕانەوەی ئینتەرنێتیی یەکێتیی ئەوروپا لەناو یۆرۆپۆڵ، هەواڵی ئۆپەراسیۆنێکی دیجیتاڵی بەرفراوانی ڕاگەیاند کە بووەتە هۆی سڕینەوەی هەزاران ئەکاونتی ئۆنلاینی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران.

 

ئاوێنە: یۆرۆپۆڵ ڕایگەیاند، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی دیجیتاڵی بەرفراواندا، هەزاران ئەکاونت و ناوەڕۆکی ئۆنلاینی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانی سڕیوەتەوە و سنووردار کردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، زیاتر لە ١٤ هەزار و ٢٠٠ پۆست، ئەکاونتی بەکارهێنەر و لینکی ئینتەرنێتیی سەربە سوپای پاسداران سڕدراونەتەوە. هەروەها ئەکاونتی سەرەکیی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا ئەم دامەزراوەیە خرایە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە، لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکەدا سنووردار یان هەڵپەسێردراوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە، کە لەلایەن یەکەی گەڕانەوەی ئینتەرنێتیی یەکێتیی ئەورووپا لەناو یۆرۆپۆڵ لەنێوان ١٣ی شوبات تا ٢٨ی نیسان ئەنجامدرا، بە بەشداریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ١٩ وڵات بەڕێوەچوو.

لێکۆڵەران وتیان سوپای پاسداران تۆڕێکی دیجیتاڵی زۆر ڕێکخراوی دروستکردووە کە پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خزمەتگوزارییەکانی ستریمینگ، سایتەکانی میوانداریکردنی بلۆگ و ماڵپەڕە سەربەخۆکانی لەخۆگرتبوو. ناوەڕۆکەکان بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، فارسی، ئیسپانی و ئەندەنووسی بڵاودەکرانەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×