لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بە پەلە هاتە دەنگ بۆ داوای لێبوردن لە خەڵکی پارێزگای دێرەزور بەهۆی قسە نەشیاوەکانی باوکییەوە، بەڵام تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر بەو لێدوانە ڕەگەزپەرستانە و سوکایەتییانەی کە پێشتر باوکی ئاراستەی گەلی کوردی کردبوو.
ئاوێنە: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە لەگەڵ پارێزگاری دێرەزور و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە ئەنجامیدا، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەو پارێزگایە پێگەیەکی تایبەت و گەورەیان لای تەواوی گەلی سوریا هەیە. شەرع وتی: "خەڵکی دێرەزور تاجە سەرن و پشتیوانێکی خۆشەویستن، ئەو بێڕێزییەی بەرامبەریان کراوە منیشی بریندار کردووە، چونکە مێژوو و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئێوە هەمیشە جێگەی شانازییە."
سەرۆکی سوریا لە گفتوگۆکەدا پاساوی بۆ لێدوانەکانی باوکی هێنایەوە و ڕایگەیاند کە ڕەنگە هەڵەیەک ڕوویدابێت یان بەشێک لە قسەکان لە کاتی گفتوگۆکەدا بڕدرابێت، هەر بۆیە بە ناوی خۆی و باوکییەوە بە فەرمی داوای لێبوردنی لە دانیشتووانی پارێزگاکە کرد. لە بەرامبەریشدا، دوای ئەوەی یەکێک لە دانیشتووانی پارێزگاکە داوای لێکرد سەردانی دێرەزور بکات، شەرع دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ پارێزگار سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
هاوکات مژدەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشەپێدانی بە خەڵکی ناوچەکە دا، کە پێکهاتوون لە دروستکردنی پرد، نەخۆشخانە، و پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، بەو هیوایەی دێرەزور ببێتە یەکێک لە ناوەندە ئابوورییە گرنگەکانی سوریا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، حوسێن شەرع (باوکی سەرۆکی سوریا) خەڵکی دێرەزوری بە "کەسانێکی دڕندە و دواکەوتوو" وەسف کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە "تێگەیشتن و ڕۆشنبیری و شارستانییەتیان نییە و خەڵکانێکی زۆربڵێ و گوندنشین و مەڕدارن." دواتر ناوبراو لە ڕێگەی لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدیعای ئەوەی کرد کە دەستکاری لێدوانەکانی کراوە، و مەبەستی ئەو تەنیا جیاوازی نێوان شار و گوند بووە بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕابردوو، نەک بێڕێزیکردن بە خەڵکی پارێزگاکە.
ئەوەی لەم پرسەدا جێگەی تێڕامان و نیگەرانییەکی قوڵی چاودێرانە، ئەو دووفاقییەیە کە لە هەڵوێستی سەرۆکی نوێی سوریادا دەبینرێت. داوای لێبوردنەکەی ئەحمەد شەرع و باوکی بۆ دێرەزور لە کاتێکدایە کە هەردووکیان بێدەنگییان لە ئاست ئەو هێرشە توندانە هەڵبژاردووە کە پێشتر حوسێن شەرع کردییە سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان.
باوکی سەرۆک لە لێدوانێکی ڕەگەزپەرستانەی زۆر توندتردا، کوردەکانی بە "بیانی و غەیرە سوری" ناوبردبوو و بە ئاشکرا داوای دەرکردنیانی لەسەر خاکەکەی خۆیان کردبوو. سەرەڕای ئەوەی ئەو لێدوانانە وەک پێشێلکاری و سوکایەتییەکی گەورە بە مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکەدا لە قەڵەم دران و زۆر مەترسیدارتر بوون لە دۆسیەی دێرەزور، بەڵام ئەحمەد شەرع تا ئەم ساتە هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاشتەوایی یان داوای لێبوردن لە کوردان نەناوە.
ئەم بێدەنگییەی ئەحمەد شەرع لە بەرامبەر ئەو بێڕێزییە گەورەیەی باوکی بە گەلی کورد، لەلایەن چاودێرانەوە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار و بەردەوامیدان بە هەمان عەقڵیەت و سیاسەتی پەراوێزخستن و نکوڵیکردن لە مافەکانی کورد لە سوریا لێکدەدرێتەوە.