ئەمریکا زیانە گەورەکانی هێزی ئاسمانیی لە جەنگی ئێران ئاشکرا دەکات و تاران هۆشداری دەدات
  2026-05-20       193       

لەم دواییانەدا، کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی فەرمیی پڕ زانیاریی سەبارەت بەو زیانە گەورانە بڵاوکردەوە کە بەر هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کەوتووە. ئەم زیانانە لە میانەی گرژی و جەنگەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمارکراون.

ئاوێنە: ​بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە تا ئێستا، کەرتی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا ڕووبەڕووی زیانێکی گەورەی مادیی و سەربازی بووەتەوە. بە شێوەیەک کە بە کۆی گشتی ٤٢ فڕۆکەی جەنگی، بارهەڵگر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بە تەواوی لەناوچوون یان زیانی بەرچاویان پێگەیشتووە.

​وردەکاریی تێکشکانی فڕۆکەکان بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆنگرێس:

​فڕۆکە جەنگییەکان: چوار فڕۆکەی جۆری (F-15E) تێکشکاون؛ کە سێیان بەهۆی هەڵەیەکەوە لە وڵاتی کوەیت و یەکێکی دیکەیان لەناو خاکی ئێران کەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها، فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی جۆری (F-35A) بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک و چەکی زەمینییەوە زیانی پێگەیشتووە.

​فڕۆکەکانی پاڵپشتی و گواستنەوە: شەش فڕۆکەی جۆری (KC-135) تێکشکاون. لەم ژمارەیە یەکێکیان لە ئاسمانی عێراق بەهۆی ڕووداوێکی ئاسمانییەوە بووە، و پێنج فڕۆکەکەی دیکەش لە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە وڵاتی سعودیە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە لەناوچوون. هاوکات فڕۆکەیەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە جۆری (E-3) زیانی بەرکەوتووە.

​فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن): گورزێکی گەورە بەر ئەم کەرتە کەوتووە، کە تێیدا ٢٤ فڕۆکەی جۆری (MQ-9 Reaper) و یەک فڕۆکەی جۆری (MQ-4C Triton) لەناوچوون.

​ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان: لە میانی جێبەجێکردنی ئەرکە تایبەتەکاندا، فڕۆکەیەکی جۆری (A-10) و دوو فڕۆکەی جۆری (MC-130J) بە تەواوی لەناوچوون، لەگەڵ زیانگەیشتن بە کۆپتەرێکی جۆری (HH-60W).

​لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، کۆنگرێس هۆشداری داوە کە بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هێشتا تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەگەری زۆرە ئەم ئامارانە کۆتایی نەبن و گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

​لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کۆنگرێسی ئەمریکا ناچار بووە دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە دەیان فڕۆکەیان بە بەهای ملیارەها دۆلار لەدەستداوە.

​عێراقچی لە درێژەی پەیامەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی یەکەمین فڕۆکەی جۆری (F-35). لە کۆتاییشدا هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و ڕایگەیاند؛ هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕەپانی جەنگەکە، مەترسیی گەورەتر و ڕووداوی "سەرسوڕهێنەر"ی زیاتری بۆیان بەدوادا دێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×