لە لێدوانێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا، ئاراس شێخ جەنگی، زانیاریی مەترسیدار لەسەر چارەنووسی هەردوو برای (لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی) ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدات. ناوبراو ڕایدەگەیەنێت کە هەڕەشەی کوشتن لە براکانی کراوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لەسەر دۆخی خێزانەکەی چیتر بێدەنگی هەڵنابژێرێت.
ئاوێنە: لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاراس شێخ جەنگی تیشکی خستە سەر ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر خێزانەکەی. ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی بوونی چاودێرییەکی توند و ورد بەسەر هێڵەکانی تەلەفۆنی خوشکەکانییەوە لە شاری سلێمانی، ناتوانێت هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان پێوە بکات و تەنانەت قسەشیان لەگەڵدا بکات.
ناوبراو بە نیگەرانییەکی قووڵەوە باسی لە دۆخی ئێستای خۆی کرد و ڕایگەیاند: "پاش ئەو هەموو ساڵە لە خزمەتکردنی مام جەلال، هێرۆخان و ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاداشتەکەم ئەوە بوو لە سلێمانی دەربکرێم و تەنانەت مافی ئەوەم لێ سەندراوەتەوە سەردانی ئەو شارە بکەمەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاراس شێخ جەنگی پەردەی لەسەر زانیارییەکی مەترسیدار سەبارەت بە ژیانی هەردوو براکەی لە زیندان هەڵماڵی و جەختی لەوە کردەوە کە، "هەڕەشە لە هەردووکیان کراوە و بە ڕوونی پێیان گوتراوە کە ناهێڵن بە زیندوویی لە زیندان بێنە دەرەوە."
سەبارەت بە ڕووداوەکانی (لالەزار) و لێکەوتەکانی، باسی لە هەوڵەکانی خۆی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی، چەندین جار هەوڵم داوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پەیوەندی ببەستم، چەندین پەیامم بۆ ناردوون و داوای دانیشتن و کۆبوونەوەم کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداومەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا دەستپێشخەری دەکات بۆ هەردووکیان تا بزانێت داواکارییەکانیان چییە و ئامادەیە دابنیشێت.
لە درێژەی لێدوانەکانیدا، ئاراس شێخ جەنگی ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی کەیسی گیراوانی لالەزار و ئەو چیرۆکانە گرت کە بڵاو بوونەتەوە. سەبارەت بە گوتەکانی (حەمەڕەش) ڕایگەیاند: "ئەو دادوەرەی کە گوێبیستی ئەو وتانە بوو، دەبووایە هەر ئەو کاتە و دەستبەجێ بڕیارێکی بەپەلە بدات، بەڵام جێگەی داخە کە دەرکەوت یاسا لە شوێنی خۆیدا نییە و هەمووان لە ئاست ئەم دۆخەدا بێدەسەڵاتن."
لە کۆتاییدا، وەکو پەیامێکی توند و یەکلاکەرەوە، ئاراس شێخ جەنگی هۆشداری دا و ڕایگەیاند: "لەمڕۆ بەدواوە چیتر بێدەنگی هەڵنابژێرم و ناوەستم، هەرچییەکم لەدەست بێت و پێم بکرێت ئەنجامی دەدەم."