راوێژكاری دارایی زه‌یدی: عێراق روبه‌ڕوی بۆشاییه‌كی دارایی به‌ قه‌باره‌ی 9.5 ملیار دۆلاری مانگانه‌ ده‌بێته‌وه‌
  2026-05-22     

راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ بەهۆی دابەزینی هەناردەی نەوت و داخرانی گەروی هورمزەوە، روبه‌ڕوی بۆشاییه‌كی دارایی به‌ قه‌باره‌ی 9.5 ملیار دۆلاری مانگانه‌ ده‌بێته‌وه‌و وه‌زاره‌تی دارایی خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پلانێكی فریاگوزاریی سێلایه‌نه‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌.

ئاوێنه‌: مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكاری دارایی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیای ره‌سمی عێراق، وتی "عێراق بەهۆی پاشەکشەی هەناردەی نەوتەوە، ڕوبەڕوی بۆشاییه‌كی دارایی دەبێتەوە کە مانگانە بە نزیکەی 9.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەتی دارایی خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پلانێکی فریاگوزاریی سێلایه‌نه‌یه‌ کە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لەخۆدەگرێت، له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنەکان بۆ زیادکردنی داهاتە ناونەوتییەکان لە ڕێگەی باج و گومرگ و چاکسازییە داراییەکانەوە."

به‌قسه‌ی مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، "قەرزی ناوخۆیی چارەسەرێکی خێرا نیشان دەدات بۆ دابینکردنی موچە و پابەندییەكانی به‌كاربردن، بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاکێشانی نەختینە لە بانکەکان و بەرزبوونەوەی تێچوی پاره‌داركردنی ناوخۆیی و لاوازکردنی دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی تایبەت."

وتیشی"لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی، پاره‌ی نه‌ختینه‌ بە دۆلار دابین دەکات و تا ڕادەیەک سەقامگیریی نەختینەیی دەپارێزێت، بەڵام ئه‌مه‌ش گرێدراوه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێكی چاكسازی و زیادبونی بارگرانییەکانی خزمەتگوزاریی قەرزەکەوە."

ئەوەشی خسته‌ڕو "زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان ستراتیژیترین بژاردەیە لەسەر ماوه‌ی مامناوەند و درێژخایەن، ئەویش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و گومرگەکان، بەدیجیتاڵکردنی سیستمی باج، کەمکردنەوەی ئابوریی ناڕەسمی و باشترکردنی کۆکردنەوەی داهاتەکان بەبێ زیانگەیاندن بە چالاکییه‌ ئابورییه‌كان."

ئاماژەی بەوەش کرد "جێبەجێکردنی سیستمی ئیداره‌ی دارایی حکومی (IFMIS) بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی چاودێریی دارایی، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی و بەرزکردنەوەی کارایی ئیداره‌دانی خەرجییە گشتییەکان".

راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران جەختیشی کردەوە کە "چاکسازی لە کەرتی بانکیدا، بەتایبەتی له‌ هەردو بانکی رافیدەین و ڕەشید، پێویسته‌ بۆ پەرەپێدانی په‌ره‌داركردنی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و قەرزەکان، سەرەڕای گرنگیی چاکسازی لە بانکە تایبەتەکاندا بۆ بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی، پشتگیریکردنی پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانەکان".

ڕونیشی کردەوە کە "کاراکردنی یاسای هاوبەشیی نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەت دەبێتە مایه‌ی سوککردنی گوشارەکان لەسەر بودجەی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی کار، بە مەرجێک ژینگەیەکی یاسایی جێگیر، دەستەبەریی وەبەرهێنان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کارگێڕی فه‌راهه‌م بکرێت."

هاوكات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پلانێکی فریاگوزاری سەرکەوتو نابێت بەبێ چاکسازییەکی دارایی ڕاستەقینە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەكانی به‌كاربردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان لە گرێبەستە حکومییەکان و پشتبه‌ستن به‌ ئەولەویه‌تی ئەو خەرجییانەی کە بەستراونەتەوە بە بەرهەمهێنان و گەشەپێدانەوە، لەخۆبگرێت.

ئه‌وه‌شی وت "قەیرانی ئێستا تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پێکهاتەی ئابوریی عێراق کە پشت بە نەوت دەبەستێت"، جەختیشی کردەوە کە "خێراکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان و فره‌چه‌شنكردنی ئابوری، توانای دەوڵەت بەهێزتر دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شۆکە جیۆپۆلەتیکی و ئابورییەکان."

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×