له‌ هه‌ولێر كه‌سێك باوكی ده‌كوژێت و برایه‌كی خۆیشی بریندار ده‌كات
  2026-05-22       248       

پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، كه‌سێك له‌ كه‌سنه‌زان به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ ته‌قه‌ی له‌ باوك و برایه‌كی خۆی كردوه‌، باوكی كوشتوه‌و براكه‌شی برینداره‌، پۆلیس تۆمه‌تباره‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه‌.

ئاوێنه‌: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی تيمەکانمان سه‌عات 1:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاگادارکرانەوە لە ڕوداوێکی کوشتن، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە، بنکەی پۆلیسی کەسنەزان، گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە.

پۆلیسی هه‌ولێر وتوشیه‌تی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتبارێک بە ناوی (م. س. م.) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوکی خۆی بە ناوی (سفیر مراد سابیر) کردوە، لەڕوداوەکەدا باوکی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. پاشان تۆمەتبارەکە تەقەی لە برایەکی خۆی بە ناوی (میران سفیر مراد) کردوە و برینداری کردوە کە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، تيمەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانییان تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربکەن و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە ياساييەکان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×