عەلی زەیدی چەند بڕیارێکی دەرکرد
  2026-05-23       458       

عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی دەکات و چەند بڕیار و پێشنیارێک دەخاتە روو.


ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی پەسەندکراوی عێراق لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ کاری وەزارەتەکان و بەرنامەی جێبەجێکردن و خزمەتگوزاری و ئابووریی، سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاری دارایی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، ئەمەش پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئابووری جیهانی سەپاندوویەتی.

زەیدی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی لەسەر توانای هەناردەکردنی عێراق و داهاتی نەوتی عێراق هەبووە و 90%ی بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و جەختی لەسەر پێویستی فراوانکردنی ئابووریی نا نەوتی و پەسەندکردنی جێگرەوە کردەوە کە پاڵپشتی هەمەچەشنی بکات.

ئەمەی خواروە دەقی وتارەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە:

🔵 دەمانەوێت وەزارەتی دارایی سیاسەتی دارایی عێراق دابڕێژێت، ئێمەش پلانی عێراق 2035 ئامادە دەکەین.

🔵 دەبێت وەزارەت دیدگایەکی ڕوونی هەبێت، بودجەش وەک نەخشەڕێگایەک بێت بۆ داهاتوو.

🔵 دەبێت بودجە سەرچاوەکانی خۆی زیاد بکات ناتوانین بەردەوام بین لە پشت بەستن تەنها بە نەوت.

🔵 عێراق خاڵی یەکگرتنی جیهانە و پێویستە هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی بەکاربهێنین بۆ بەرزکردنەوەی داهاتەکانی.

🔵 پێویستە مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە کاتی خۆیدا بدرێت بۆ ئەوەی خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ نەبن.

🔵 فەرمانمان کرد شاییستەکانی جووتیاران بەڵێندەران و وەبەرهێنەران ئامادە بکرێت و نابێت مافەکانیان دوابخرێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردن.

🔵 تێڕوانینێک هەیە کە دەوڵەت ئابووری بەڕێوە دەبات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئابووری دەوڵەت بەڕێوە ببات، ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوە بەدی بهێنرێت ئەوە پێویستمان بە گۆڕینی کەس نابێت.

🔵 دەوڵەت تەنیا بودجە و تەرخانکردن نییە، بەڵکوو هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز.

🔵 خەرجی حوکمڕانی و کارپێکردن ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان نییە، بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ گۆڕینی چەمکە داراییە تەقلیدییەکان.

🔵 نامانەوێت ئەزموونەکانی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە و ڕۆڵی دەوڵەت ڕێکخستن و چاودێریکردنە و پشتگیری لە کەرتی تایبەت دەکەین، چونکە گەشەپێدان پێش دەخات.

🔵 ئەرکی ئێمە چاودێری کردنی توێژە هەژارەکانە، بەڵام نابێت بە عەقڵی سۆسیالیستی لە ئابووریدا بەردەوام بین لە کارکردن.

🔵 فەرمانمان کرد ڕاپۆرتێکمان سەبارەت بە داهاتی گومرگ بۆ دوایین شەش مانگ ئامادەبکرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کاڵایانەی کە گومرگیان بەرزە.

🔵 تێبینی ئەوەمان کردووە کە کاڵای گومرگی بەرز لە ڕێگەی نایاساییەوە بە کاڵای هەرزانتر دەگۆڕدرێت و ئۆتۆماتیکیکردن کۆتایی بەم دەستکاریکردنە دەهێنێت.

🔵 5000 پزیشکمان هەیە کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کردووە، فەرمانمان کرد بارودۆخیان چارەسەر بکرێت.

🔵 ڕێنماییمان بڵاو کردەوە کە وێنەی سەرۆک وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکان لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکان دانەنرێت، بەڵکوو دەمانەوێت خەڵکی لە بری وێنەکانمان کارەکانمان ببینن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×