هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەتوندی هێرش دەکاتە سەر پرۆسەی متمانەدان بە کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی زەیدی و ڕووداوەکانی ناو پەرلەمان بە "پیلانێکی پێشوەختە" ناو دەبات، هاوکات هۆشداریش دەدات کە نوری مالیکی هێشتا بڕیاردەدەری یەکەمە لە گۆڕەپانەکەدا.
ئاوێنە: عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی نوێی لەسەر دانیشتنەکەی ١٤ی ئایار بۆ متمانەدان بە وەزیرەکانی کابینەی زەیدی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەوەی لەو ڕۆژەدا ڕوویدا هیچی کەمتر نەبوو لە "بۆسەیەکی سیاسیی داڕێژراو" کە ئامانج لێی تێکدانی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بووە.
فەتلاوی تیشکی خستە سەر پێشێلکارییەکان و وتی: "پێشتر ڕێککەوتنی تەواوەتیمان هەبووە، بەڵام لە کۆتا ساتەکاندا ڕێککەوتنەکە شکێندرا. بەشێوەیەکی نائاسایی دەنگدان لەسەر کاندیدەکانی دەوڵەتی یاسا، کە تایبەت بوون بە وەزارەتە سیادییەکان، دواخرا بۆ کۆتایی لیستەکە." ئاشکراشی کرد کە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییەدا، هاوپەیمانییەکەیان پەنای بردووەتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ تانەدان لە ئەنجامەکانی دەنگدانەکە.
سەبارەت بە چارەنووسی کاندیدەکانیان، وتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا جەختی لە سووربوونی هاوپەیمانییەکەی کردەوە و وتی: "بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری هەریەک لە کاندیدەکانمان (قاسم عەتا و عامر خوزاعی) نابین." لە هەمان کاتدا سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە گوایە کاندیدەکانیان دۆسیەی گەندەڵییان لەسەرە یان ڕووبەڕووی ڤیتۆی ئەمریکی بوونەتەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ پاساوێکی لۆژیکی بوونی نییە بۆ ڕێگریکردن لە وەرگرتنی ئەو پۆستانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەقیل فەتلاوی وەڵامێکی توندی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە کۆتاییهاتنی ڕۆڵی سەرکردە دێرینەکان (پاسەوانە کۆنەکان) دەکەن و جەختی کردەوە: "نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هێشتا کاریگەریی و هەژموونێکی بەهێزی بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقەوە هەیە و وەک مەرجەع و خاوەن بڕیارێک لەلایەن نەیار و دۆستەکانەوە ڕێزی لێ دەگیرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی هەیبە حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و ڕایگەیاند کە ناوبراو لە کاتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکەدا، سنووری خۆی بەزاندووە و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراودا کردووە.