موقتەدا سەدر وەڵامێکی تووندی باڵیۆزی بەریتانیا دەداتەوە: "ئێوە دیکتاتۆرتان هێنایە سەر حوکم و دەبێت بەعسییەکانمان رادەست بکەنەوە"
  2026-05-27       361       

​لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا کە رۆژی چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، سەدر نیگەرانی و تووڕەیی خۆی بەرامبەر بە قسەکانی باڵیۆزی بەریتانیا دەردەبڕێت سەبارەت بەوەی گوایە ئەوان دەسەڵاتیان لە عێراق رادەستی شیعە کردووە، هەروەها داوای رادەستکردنەوەی بەعسییەکان بە عێراق دەکات. 

ئاوێنە: ​سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بانگەشەیەی باڵیۆزی بەریتانیا سەبارەت بە رادەستکردنی دەسەڵات بە پێکهاتەی شیعە، زۆر "تووڕە و دڵتەنگی" کردووە، بۆیە بە پێویستی زانیوە بە خێرایی وەڵامی بداتەوە. سەدر لەم بارەیەوە بە روونی دەڵێت: "ئەگەر کەمینەیەک لە شیعە لەژێر دەستیاندا بووبێت و کۆنتڕۆڵیان کردبن، ئەوا ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لەوان و لە داهاتووشدا بەشێک نابین لێیان، نە لەم دنیا و نە لەو دنیا."

​لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر پەنجەی تۆمەت بۆ بەریتانیا رادەکێشێت و پرسیارێکی رووبەڕوو ئاراستەی باڵیۆزەکەیان دەکات لەبارەی ئەوەی کێ سەدام حوسێنی هێنایە سەر دەسەڵات؟ لە وەڵامدا خۆی دەڵێت: "بەڵێ، ئێوە بوون کە ئەو دیکتاتۆرەتان هێنایە سەر حوکم."

​ئەم لێدوانەی سەدر دوای ئەوە دێت کە باڵیۆزی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستبووە سەر دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە گرووپە چەکدارەکان خستبووەڕوو.

​سەبارەت بە رۆڵی رەوتەکەی لە رابردوودا، سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئامادەیی ئەوان لە ناوخۆی عێراقدا نەبووایە و وەک نەیارێکی سەرسەختی دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەرنەکەوتنایە، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرگیز نەیدەتوانی تێبگات کە ئەو دەسەڵاتە لەلایەن گەلی عێراقەوە رەتکراوەتەوە. هەروەها رەخنەی تووند لە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سەردەمی رژێمی بەعس دەگرێت و دەڵێت: "هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە دەرەوە لەسەر بوونی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە دەژیان و گەورە دەبوون."

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە بە تووندی وڵاتی بەریتانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بووەتە پەناگە و داڵدەدەری "بەعسییەکان و دوژمنانی ئایین و مەزهەب و نیشتمان." لەم سۆنگەیەوە، داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات کە بە زووترین کات سەرجەم ئەو کەسانە رادەستی دادگەکانی عێراق بکاتەوە.

​سەدر ئەوەش دەخاتە روو: "ئەگەر هەڵوێستە دژەکان بەریتانیا لە تیرۆری زایۆنی نەبووایە، ئەوا ئەو لێدوانانەی باڵیۆز پێویستی بەوە دەکرد لە چوارچێوەی پرەنسیپە دیپلۆماسییەکاندا بە فەرمی داوای لێبووردنی لەسەر بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×