لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراوی گۆڕەپانی ئەمنی و سیاسیدا و وەک یەکەمین هێزی چەکداریی شیعەکان، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان، بڕیاری دا بە شێوەیەکی یەکجاری هێزەکانی (سەرایا سەلام) لە رەوتەکەی جیابکاتەوە و بیانخاتە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی راستەوخۆی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق.
ئاوێنە: سەدر لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئاراستەی رایگشتی کردووە، هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و بەدورگرتنی عێراق لە هەڕەشە و مەترسییەکان گەڕاندووەتەوە. لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات و بۆ پاراستنی عێراق لە مەترسییەکان، بڕیاری کۆتاییماندا بە جیابوونەوەی رەهای هێزەکانی سەرایا سەلام لە رەوتی نیشتمانیی شیعی، لەمەودوا ئەو هێزانە بەتەواوی دەکەونە ژێر فەرمانڕەوایی حکومەت و بەرپرسی گشتی لە پێکهاتە سەربازییەکانی وڵات."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو باڵ و لایەنە مەدەنییانەش کە پێشتر سەر بە سەرایا سەلام بوون، رێبەرەکەی رەوتی نیشتمانیی شیعەکان روونیکردووەتەوە کە ئەوانە وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام لەمەودوا بەبێ بوونی هیچ جۆرە چەکێک، بارەگایەک یان تەنانەت ناونیشانێک کارەکانیان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر بانگەوازێکی ئاراستەی هێزەکانی دیکە کرد و هیوای خواست کە ئەم هەنگاوەی ببێتە مۆدێلێک بۆ ئەوانی دیکەش. سەدر دەڵێت: "ئاواتەخوازم سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی نێو حەشدی شەعبیش لە فەرمانە حزبی و تائیفییەکان جیاببنەوە و، تەواوی چەکەکانیان تەنها رادەستی دەوڵەت بکەن."
جێی باسە، ئەم هەڵوێستە چاوەڕواننەکراوەی سەدر لە کاتێکدایە کە لە چەند ساڵی رابردوودا پرسی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بووەتە جێی ململانێیەکی گەورە، بەتایبەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام فشاری خستووەتە سەر بەغدا و داوای چەکدانانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کردووە، تەنانەت چەندین جاریش لەسەر ئەو پرسە هۆشداری و هەڕەشەی توندی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە.