لە پێشهاتێکی گرنگی گۆڕەپانی ئەمنی و سیاسیدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پێشوازییەکی گەرمی لە هەنگاوەکەی موقتەدا سەدر کرد بۆ لکاندنی "سەرایا سەلام" بە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە. زەیدی ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەسف دەکات، هاوکات داواکارییەک ئاراستەی سەرجەم گروپە چەکدارەکانی دیکە دەکات کە چاو لەو هەنگاوە بکەن و بچنە ژێر سایەی دامەزراوە فەرمییەکان.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، عەلی زەیدی هەڵوێستەکەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعەی بە "هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەرپرسیارانە" ناوبردووە و بەرزی نرخاندووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە یەکخستنی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام و خستنەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڵگەیەکە بۆ پابەندبون بە پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و جێگیرکردنی شکۆی یاسا لە وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی. هەروەها وەک بنەمایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و پشتیوانییەکی گەورە بۆ هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوری و نیشتمانییەکانیان سەیر دەکرێت.
زەیدی پەیامێکی ڕوونی بۆ تەواوی گروپە چەکدارەکان ناردووە و ڕایگەیاندووە:
"داوا لە سەرجەم ئەو گروپانە دەکەین کە هەمان ڕێبازی نیشتمانی و بەرپرسیارانە بگرنەبەر. پێویستە هەموان لەژێر چەتر و فەرمانی دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا کار بکەن."
ئامانج لەمەش، وەک زەیدی ئاماژەی پێداوە، مسۆگەرکردنی پاراستنی خاکی عێراق، سەروەرییەکەی، و بەهێزکردنی ئاسایشی گشتییە، لەسەر ئەو بنەما نەگۆڕەی کە تەنها دەوڵەت تاکە لایەنی ڕێگەپێدراوە بۆ هەڵگرتنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا.
سەبارەت بە هەستیاریی بارودۆخەکە، سەرۆک وەزیران ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق پێویستییەکی زۆری بە یەکخستنی هەوڵەکان هەیە. پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخرێنە پێش هەموو شتێکەوە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و سەقامگیری. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوە دەستورییەکان، ئەوەش تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەهێزدا دەبێت کە تیایدا یاسا سەروەر بێت.
ئەم پێشوازییەی حکومەت پاش ئەوە دێت کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو و نوێدا ڕایگەیاند، بە تەواوەتی "سەرایا سەلام" لە ڕەوتی شیعەی نیشتمانی جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر ڕکێف و فەرمانی حکومەتی عێراق. سەدر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو بانگەوازی بۆ سەرجەم گروپە چەکدارەکانی دیکەی نێو حەشدی شەعبی کرد کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و کۆتایی بە هەموو جۆرە پاشکۆیەتییەکی حزبی و تائیفی بهێنن.
زانیاریی زیاتر لەسەر سەرایا سەلام:
باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدرە بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر.
لە ساڵی ٢٠١٤ وەک درێژکراوە و جێگرەوەیەک بۆ "سوپای مەهدی" پێکهێنرا.
لە سەرەتای دروستبونیدا، ئەرکی سەرەکیی ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش و پاراستنی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بوو (بەتایبەت لە شاری سامەڕا).
تاکو ئەمڕۆش، وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین گروپە چەکدارەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق ماوەتەوە.