لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، ماڵپەڕی کەناڵی "حوڕە"ی ئەمەریکی تیشک دەخاتە سەر لێکەوتەکانی بڕیارەکەی ئەم دواییەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی ڕەوتەکەی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە نەک تەنها گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە، بەڵکو پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزیشە بۆ حکوومەتەکەی عەلی زەیدی.
ئاوێنە: بە پشتبەستن بە بۆچوون و شیکردنەوەی چاودێرانی سیاسی، پێگەی کەناڵە ئەمەریکییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گرووپی چەکداریی "سەرایا سەلام" لەلایەن سەدرەوە، هەنگاوێکی پراکتیکییە کە دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی تەواوی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە موقتەدا سەدر دەبێتە یەکەمین سەرکردەی باڵای شیعە مەزهەب کە بە کردەوە ئامادەیی خۆی بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان نیشان بدات و پێشەنگ بێت لەو کارەدا.
لێکدانەوەی ماڵپەڕەکە پێی وایە، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە بەشێکی بەرچاوی هێزەکانی سەرایا سەلام لە کارەکانیان سڕکراون و ڕەنگە بۆ هەندێک کەس هەنگاوەکە ڕواڵەتی دیار بێت، بەڵام هێشتا ڕێکارێکی ستراتیژی و زۆر گرنگە. ئەم بڕیارە خزمەتێکی گەورە بە دیدگا و دروشمەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی دەکات، کە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت چەک تەنها و تەنها لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا بێت.
جێی وەبیرھێنانەوەیە، دوێنێ لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قورباندا، موقتەدا سەدر بە فەرمی بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لیواکانی سەرایا سەلام و گواستنەوەیان بۆ ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە لە ئێستادا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات. لە پەیامەکەیدا، سەدر دووپاتی کردەوە کە لەمەودوا هیچ کەسێک بۆی نییە بە ناونیشان یان جلوبەرگی سەربازییەوە لەناو ڕەوتەکەیدا بمێنێتەوە. سەبارەت بەو کەسانەشی کە کارمەندی سڤیلن، ڕێنمایی کراون کە بچنە ڕیزەکانی ڕێکخراوی "بونیان مەرسووس"، کە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و خێرخوازیی سەر بە ڕەوتی سەدرە، بەڵام جەختیش کراوەتەوە کە تەنانەت ئەوانیش نابێت هیچ بارەگایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.