لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیدا لە پارێزگای میسان، سەركردەیەكی گرووپی "ئەنساروڵا ئەوفیا" كوژرا و پاسەوانەكەیشی بریندار بوو. ئەنساروڵا ئەوفیا یەكێكە لەو گرووپانەی کە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایار، تەقینەوەیەك لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق ڕوویدا. لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە، تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە بووە، و بە دیاریکراوی ئامانجەکەشی سەرکردەیەکی ئەو گرووپە چەکدارە بووە.
لە بارەی ڕووداوەکەوە، ماڵپەڕی شەفەق نیوز بێ ئەوەی ناوی كەسەكە ئاشكرا بكات، بڵاوی کردووەتەوە: "سەركردەیەكی دیاری كەتائیبی ئەنساروڵا ئەوفیا كوژراوە و پاسەوانەكەیشی بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە."
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە، ئەو سەركردەیە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بووە و بەهۆی تەقینەوەكەشەوە ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە.
گرووپی ئەنساروڵا ئەوفیا یەكێكە لەو هێزە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێرانەوە و لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە. حەیدەر غەراوی، کە سەرۆکایەتیی ئەو گرووپە دەکات، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكاوە خەڵات بۆ پێدانی زانیاری لەسەر شوێنەکەی و ئاشکراکردنی تەرخان كراوە.