بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق ڕووبەڕووی دابەزینێکی توند بووەتەوە و لە کاتی ئێستادا بەهاکەی بۆ تەنها نزیکەی ٦٦ دۆلار دابەزیوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت تا دەگاتە گەرووی هورمز.
ئاوێنە: لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ نەبیل مەرسوومی، شارەزا و ئابووریناسی دیاری عێراقی، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، زانیاری و ئاماری نوێی سەبارەت بە پرۆسەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی عێراق خستەڕوو کە تێیدا زیانە ئابوورییەکان دەردەکەون.
بەپێی وتەکانی ئەو ئابووریناسە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خامی بەسرەی ناوەند پاشەکشەی کردووە بۆ ٦٨ دۆلار، هەروەها نەوتی خامی بەسرەی قورسیش بۆ ٦٦ دۆلار دابەزیوە. مەرسوومی هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ ئەو مەترسی و گرژییانە گەڕاندووەتەوە کە ڕووبەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکان دەبنەوە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە کەنداوی هورمزدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەرسوومی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بووەتە کۆتوبەندێک لەبەردەم جوڵەی ئەو کەشتییە زەبەلاحە نەوتهەڵگرانەی کە نەوتی عێراق دەگوازنەوە. ئەم ئاستەنگییانەش وایان لە حکومەتی عێراق کردووە ناچار بێت داشکاندنی بەرچاو لە نرخی فرۆشتنی نەوتەکەیدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە بازاڕەکاندا ساغی بکاتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو ئابووریناسە ڕاستییەکی مەترسیداری لەسەر داهاتی نەوت ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەم دۆخەوە، نرخی ئەو نەوتەی عێراق کە لە ڕێگەی دەریاوە بۆ گەرووی هورمز هەناردە دەکرێت، زۆر دابەزیوە و بۆ هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە تەنها ٣٣ دۆلار".