ئەمڕۆ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەگرنگییەوە تیشک خراوەتە سەر پرسی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و سەروەریی وڵات.
ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی تەواوی حکوومەتەکەی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆنترۆڵکردنی چەک و قەتیسکردنی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دووپات کردووەتەوە. هەروەها بە توندی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک نادرێت کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەیدی ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادەن سەروەریی یاسا پێشێل بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵات و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق وەسف کرد.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەش، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە حکوومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ کرانەوەی زیاتر بەڕووی دەرەوە و بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات. لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە سەرجەم ئەم هەنگاو و ستراتیژییانە، ئەو بنەما و پرەنسیپانەن کە دەسەڵاتی باڵای ئایینی جەختیان لێ دەکاتەوە و داوای جێبەجێکردنیان دەکات.