عەلی زەیدی فەرمانی بە پێکهێنانی ئەنجومەنێک دا
  2026-05-30       283       

سەرۆکوزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی بۆ دەستپاکی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دەرکرد.

 

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە ڕێکارەکانی وردبینیکردن لە گرێبەستە حکومییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و داواکاری گشتی و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دەستپاکی.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاکی و چاودێری و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی و ئەندامێتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، بەمەبەستی چاودێریکردنی وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی کە پەیوەست بە وەزارەتەوە نین و پارێزگارکان سەبارەت بە بابەتە گرنگەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەت، بە مەرجێک دەرەنجامەکانی کارەکانی ئەنجومەنەکە بنێردرێت بۆ دادگا.

هەروەها سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد، بە لێکۆڵینەوە لە توانای ئابووریی پڕۆژەکان و لیژنەی لاوەکیی تایبەتمەند بۆ وردبینیکردن لە گرێبەستەکانی حکومەت دابمەزرێندرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی کرا، لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی، بەمەبەستی دانانی میکانیزمێک بۆ وردبینی و لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە حکومییەکان پێش کۆتاییهێنانیان، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە تەرخانکردنی پەسەندکراو.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×