تۆم باراک مانەوەی وەک نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکە ڕاگەیاند
  2026-06-02       178       

لە پەرەسەندنێکی نوێی سیاسیدا کە پێشبینی دەکرێت ڕەنگدانەوەی بۆ سەر دۆخی ناوچەکە هەبێت، تۆم باراک، باڵیۆزی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، بە فەرمی بەردەوامبوونی خۆی لە پۆستی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق ڕاگەیاند. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری مانەوەی ناوبراوی لەو ئەرکەدا پەسەند کرد.

ئاوێنە: ​باراک لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر دیدگای خۆی بۆ ناوچەکە. لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسەر ڕێچکەی ئەو کەسایەتییانە دەڕوات کە شارەزایی و مێژووییەکی قووڵیان لە لێکۆڵینەوەکانی ناوچەکانی شام و ئەنادۆڵدا هەیە. ناوبراو پێی وایە هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و تورکیا، چەقی سەرەکیی ستراتیژیەت و سەقامگیریی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن.

​لەسەر ئەو بنەمایەش، نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان ئەم سێ نەتەوەیەدا، پێویستی بە سەرپەرشتی و خاڵێکی پەیوەندیی ئەمریکیی یەکگرتوو و کارا هەیە؛ بە جۆرێک کە بتوانێت ئیدارەی دۆخەکە بدات و سەرجەم جیاوازییە خێڵەکی، ئایینی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە تێپەڕێنێت.

​بەپێی پەیڕەو و یاساکانی ئەمریکا، ماوەی کارکردنی نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ هەر وڵاتێک تەنیا بۆ شەش مانگ دیاری دەکرێت. بەم پێوەرەش، نوێکردنەوەی ئەرکەکەی تۆم باراک بەو واتایە دێت کە ناوبراو بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە سەرپەرشتیی دۆسیە هەستیارەکانی سووریا و عێراق دەکات.

​ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم پێشهاتەدا، باکگراوند و هەڵوێستەکانی پێشووی ئەم بەرپرسە ئەمریکییەیە. تۆم باراک لە ناوەندە سیاسییەکاندا بەوە ناسراوە کە زۆرجار هەنگاو و بڕیارەکانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بوون، بەتایبەتیش کاریگەرییە نەرێنییەکانی سیاسەتەکانی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕوونی هەستی پێکراوە، ئەمەش وا دەکات مانەوەی لەم پۆستە باڵایەدا جێگەی تێڕامان بێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×