تەحەدایەکی نوێ بۆ حکومەت؛ کەتائیبی سەید شوهەدا بە مەرجی کڕینی سیستمی (S-400) ئامادەیە چەکەکانی ڕادەست بکات
  2026-06-03       232       

​لە پێشهاتێکی نوێی ئەمنی و سیاسیدا کە بە تەواوی پێچەوانەی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دامەزراوەکان، گرووپی کەتائیبی “سەیید شوهەدا” بە سەرۆکایەتی (ئەبو ئالائی وەلائی) بە فەرمی ڕەتیکردەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و جەختیان لە بەردەوامی مانەوەی چەکەکانیان کردەوە.

ئاوێنە: گرووپەکە لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک چەکەکانیان ڕادەستی هیچ لایەنێک ناکەن. ئەوان پێیان وایە هێشتنەوە و پاراستنی ئەو چەکانە "ئەرک و ئەمانەتێکە" لە پێناو پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، بۆیە دەستبەرداربوونیان لێی قبوڵکراو نییە.

لەم چوارچێوەیەدا، کازم فەرتووسی، وتەبێژی فەرمی کەتائیبەکە لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، نەک تەنها هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی چەکدانانی دووپاتکردەوە، بەڵکو هێرشێکی توندی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق. فەرتووسی ناوبراوی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "ئەجێندای دەرەکی" لە ناوخۆی عێراقدا جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن، سەرکردایەتی گرووپەکە و وتەبێژەکەیان مەرجێکی قورسیان خستووەتە بەردەم حکومەت؛ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر حکومەت بەڕاستی دەیەوێت چەکەکانیان بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، ئەوا دەبێت لە سەرەتادا جێگرەوەیەکی سەربازیی زۆر بەهێز بۆ وڵات دابین بکات. دیارترین ئەو مەرجانەش بریتین لە:

- ​کڕین و جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی ڕووسی (S-400).

- ​دابینکردنی ڕاداری سەربازیی مۆدێرن و پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات.

ئەم هەڵوێستە توندەی کەتائیبی سەید شوهەدا لە کاتێکی هەستیاردایە کە هاوپەیمانیی "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ سیاسەتی حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی چەک دەربڕیوە. هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەر جۆرە ململانێیەکی حزبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پردی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت و تێک نەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×