سەندیكای پزیشكان چەند بڕیارێكی لەبارەی بۆتۆكس و فیلەر دا
  2026-06-03       235       

سەندیکای پزیشکان لەبارەی پزیشکانی بواری جوانکاری چەند بڕیارێکی گرنگ و نوێی دەرکرد، کە تێیدا سەرجەم پزیشکانی ئەو بوارە پابەندی کۆمەڵێک ڕێکاری توند و نوێ دەکات بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی حوزەیران، بەپێی بەڵگەنامەیەک و بڕیارێکی فەرمی کە لەلایەن سەندیکای پزیشکانەوە دەرچووە، چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ پزیشکانی پسپۆڕی بواری جوانکاری ڕاگەیەندرا. لە دەقی بڕیارەکاندا هاتووە کە پێویستە سەرجەم ئەو پزیشکانەی ماددەکانی (بۆتۆکس و فیلەر) چ بۆ مەبەستی جوانکاری بێت یان بۆ چارەسەری پزیشکی بەکار دەهێنن، بەکارهێنانەکەی تەنیا لەسەر بنەمایەکی زانستیی بێت و بە تەواوی لە چوارچێوەی پسپۆڕی و وەسفی پزیشکیی خۆیاندا جێبەجێی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارەکە بە توندی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پزیشکان بە هەموو شێوەیەک لە بەکارهێنانی دەرمانی ماوەبەسەرچوو دوور بکەونەوە، و پابەندبوونی تەواوی خۆیان بە بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتەوە پێشان بدەن.

هاوکات لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی ئەنجامدانی هەر کردەیەکی پزیشکی کە پەیوەست بێت بە بەکارهێنانی بۆتۆکس و فیلەرەوە، ئەرکی پزیشکە کە بەشێوەیەکی زارەکی یان بە نووسراو (مۆڵەت و ڕەزامەندی) لە چارەخوازەکە وەربگرێت، و بە تەواوی ئاگاداری بکاتەوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ماک و کاریگەرییەکی نەخوازراوی لایەنی بەهۆی ئەو پرۆسەیەوە.

سەندیکای پزیشکان لە کۆتایی بڕیارەکانیدا هۆشدارییەکی توند دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لە کاتی سەرپێچیکردن و پابەندنەبوون بەم ڕێنماییە نوێیانەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر پزیشکی سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر و مۆڵەتی کارکردنی پزیشکییەکەی لێ دەسەندرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×