ئەمرۆ پێنجشەممە (٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ئایینییەکان یەکێک لە گەورەترین زانا و مەرجەعەکانیان لەدەستدا، کاتێک شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، پاش ماوەیەکی درێژ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، نووسینگەی تایبەتی شێخ فەیاز هەواڵی کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە ئایینییەی پشتڕاستکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی پڕ لە بەخشش و خزمەتی ناوبراو و ئاماژە بەوە کراوە کە شێخ فەیاز تەواوی تەمەنی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، وتنەوەی زانستە ئیسلامییەکان، هەروەها پێگەیاندنی دەیان زانا و پەروەردەکار، هاوکات ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە بڵاوکردنەوەی مەعریفەی (ئەهلی بەیت) و شیکردنەوەی وردی حوکمەکانی شەریعەت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نووسینگەی مەرجەعەکەدا هاتووە؛ لەدەستدانی ئەم زانا گەورەیە "کەلێنێک و زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ حەوزە زانستییەکان و سەرجەم بڕواداران"، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە بەرز و کاریگەرە زانستی و ئایینییەی کە لە ناوەندە ئیسلامییەکان و بەتایبەتی لە نێو پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەدا هەیبووە.
جێی باسە، شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز لە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکبووە، بە یەکێک لە دیارترین و پایەبەرزترین مەرجەعە ئایینییەکانی شاری نەجەف و لە گەورەترین زانایانی حەوزەی زانستی دەناسرێت. هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ماڵئاواییکردنی ئەم مەرجەعە باڵایە، لەپای ڕێزلێنان لە پێگە و مێژووەکەی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.