سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ره‌تیده‌كه‌نه‌وه هیچ فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كه‌وتبێته خواره‌وه‌و پارێزگاری كه‌ربه‌لاش ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی له سنوری پارێزگاكه‌یان كه‌وتۆته خواره‌وه درۆن بوه.
ئاوێنه: دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له سنوری كه‌ربه‌لا، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق هه‌واڵه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه.
به‌نگین رێكانی، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌و هه‌واڵانه باس له كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له خاكی عێراق یان ئاسمانی عێراق ده‌كه‌ن، راست نین و هیچ روداوێكی له‌و جۆره تۆمارنه‌كراوه.
لای خۆیشییه‌وه وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق هه‌واڵه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، سه‌رجه‌م ئه‌و فڕۆكانه‌ی له عێراق ده‌رچون یان هاتونه‌ته عێراق و ئه‌وانه‌شی كه به ئاسمانی عێراقدا تێپه‌ڕیون سه‌لامه‌تن و هیچ فڕۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاران له ئاسمانی عێراق نه‌كه‌وتۆته خواره‌وه.
به‌ڵام نوسه‌یف جاسم، پارێزگاری كه‌ربه‌لا، له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا وتی، ئه‌و ته‌نه‌ی له سنوری پارێزگاكه‌یان كه‌وتۆته خواره‌وه، درۆن بوه.
ئه‌و له رونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتی، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی گه‌شتیاری له بیابانی كه‌ربه‌لا راست نییه و ئه‌و ته‌نه‌ی كه‌وتۆته خواره‌وه درۆن بوه.