تا ئێستا چارەنووسی نۆ وەزارەت لە کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی یەکلایی نەکراوەتەوە، کە لە کۆی ٢٣ وەزارەت، تەنها ١٤ وەزیر متمانەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەم دۆخە و بەڕێوەبردنی ئەو نۆ وەزارەتە بە وەکالەت، کاردانەوە و نیگەرانیی جۆراوجۆری لەسەر ئاستی پەرلەمان و ناوەندە سیاسییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئاوێنە: لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیا عێراقییەکان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان تیشک دەخەنە سەر کاتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەکە و مەترسییەکانی هێشتنەوەی وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان بەبێ وەزیری هەمیشەیی. لەم نێوەندەدا، وەزارەتی پلاندانان بەهۆی ڕۆڵی چارەنووسساز و ستراتیژی لە ئامادەکردن و دیاریکردنی پڕۆژەکان و بودجەی گشتیدا، بە هەستیارترین جومگە دادەنرێت.
سەبارەت بەم پرسە، قوسەی عەباس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە پشووەکانی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، هۆکاری سەرەکیی دواخستنی یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە بووە. ناوبراو هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی بەڕێوەبردنی وەزارەتە گرنگەکانی وەک ناوخۆ، بەرگری و پلاندانان بە وەکالەت.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی جبوری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆکاری ئەنجامنەدانی دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران لە مۆڵەتدان و لە دەرەوەی وڵاتن. بە وتەی ئەو، ئامادەکردنی ڕێژەی یاسایی (نیساب) بۆ کۆبوونەوە لە کاتی پشوودا کارێکی قورسە، هەر بۆیە بیرۆکەی سازدانی دانیشتنی بەپەلە لە پشووی یاساداناندا ڕەتکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، پەرلەمانتار کولسیل موخلیس پێی وایە پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەت دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانانەوە. هاوکات جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پڕکردنەوەی پۆستی ئەو وەزارەتانە بەپێی چوارچێوەیەکی یاسایی دروست و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی لێهاتوویی ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، محەمەد حەسەن سەعدی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند کە جوڵەیەکی ڕوون لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەبینرێت بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت. وەک ناوبراو باسی لێوە دەکات، بڕیارە پێش هاتنی مانگی موحەڕەم، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەن، ئامانج لێی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ئامادەکردنی ناوی کاندیدەکانە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا بخرێنە دەنگدانەوە.