عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کە پاشخانێکی بازرگانیی هەیە، پرسی دیاریکردنی سنوور و داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکانی وەک یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی کارنامەی حکومەتەکەی دیاریکردووە. ناوبراو هەوڵدەدات بەبێ دروستبوونی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گروپانە، ڕێگری بکات لەوەی خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ دەرەکییەکان.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیران پەیامێکی هۆشداریدەری توندی ئاراستەی ئەو لایەنانە کردووە کە پابەندی بڕیارەکانی دەوڵەت نابن، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەو گرژییانەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا هەیە. زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرامبەر بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هەر پەیامێکی سەربازی بێدەنگ نابێت و ڕایگەیاندووە: "هەر لایەنێک خاکی وڵات بۆ مەرامی سەربازی و ناردنی پەیام بەکاربهێنێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبێتەوە و وەک گروپێکی دەرچوو لە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی نوێ تیشکی خستووەتە سەر هەر یەک لە کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا (کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە)، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی عێراق لە هەر کاردانەوە و هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە، وەک کاریگەرییەک بۆ ئەو فشارانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن واشنتۆنەوە دروستکرابوون، هەردوو گروپی (عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی) ڕەزامەندییان نیشانداوە کە لیوا چەکدارەکانیان لە چوارچێوەی دەزگای حەشدی شەعبیدا ڕادەستی دەوڵەت بکەن. هاوکات، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەیدی دڵنیاییەکی ناڕاستەوخۆی پێگەیشتووە کە کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەباش لەم قۆناغەدا مەیلیان بۆ هێورکردنەوە هەیە و نایانەوێت ئاڵۆزییەکان بۆ ناوخۆی عێراق بگوازنەوە.
سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، ئەو گروپە چەکدارانەی کە پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە، هێشتا مەرجی تەواوەتی داماڵینی چەکەکانیان دەبەستنەوە بە کشانەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هەوڵەکانی زەیدی بۆ هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی شەڕ بەردەوامە، بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی شەوی ڕابردووی دۆناڵد تڕەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی توند بۆ سەر تاران، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکان هێشتا ماون و ئەو دڵنیاییە کاتییەی ئێستا هەیە زۆر جێگیر نییە، چونکە پەیوەندییە بەهێزەکانی ئەو گروپانە بە ئێرانەوە دەکرێت لە ئهگهری دهستپێكردنهوهی جهنگدا دۆخەکە بگۆڕێت.