لە قۆناغێکی هەستیاری ناوچەکەدا و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنی، ئابوری و دیپلۆماسییەکان دەچێتە کۆشکی سپی. ئامانجی بەغدا دورکەوتنەوەیە لە ململانێکان و ڕاکێشانی سەرمایەی ئەمریکییە بۆ ژێرخانی وڵات.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "النهار"ی لوبنانی، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەهەندێکی زۆر گەورەتر لە پرۆتۆکۆڵی ئاسایی لەخۆدەگرێت. ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیی ناوچەییدا دێت و ئامانجی سەرەکی، داڕشتنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
لە میانەی سەردانەکەدا، چەندین دۆسیەی هەستیار دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، کە گرنگترینیان بریتین لە:
- کۆنترۆڵکردنی چەک و سەروەریی دەوڵەت: یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان پرسی گروپە چەکدارەکانە. بەغدا هەوڵ دەدات میکانیزمێکی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دابڕێژێت و کۆتایی بە دیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا بهێنێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان بچەسپێنێت.
- بێلایەنیی عێراق لە ململانێکان: زەیدی جەخت لەسەر سیاسەتی بێلایەنیی دەوڵەت دەکاتەوە؛ بە ئامانجی دورخستنەوەی عێراق لە گرژییەکانی نێوان میحوەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش وەک هەنگاوێکی پارێزەر بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابوریی وڵات لە هەر لێکەوتەیەکی مەترسیدار دەبینرێت.
- سەقامگیریی دارایی و بەردەوامیی دۆلار: لە ڕووی ئابورییەوە، سەردانەکە گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. بڕیارە تاوتوێی جێگیرکردنی سیستەمی بانکی و دارایی، چاکسازییە ئابورییەکان، دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەیشتنی دۆلار بۆ بازاڕەکانی عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە نەوت بکرێت.
- وەبەرهێنان و کەرتی وزە: حکومەتی عێراق ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم سەردانەوە سەرنجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا ڕابکێشێت بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، غاز، کارەبا و ژێرخانی ئابوری، کە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ گەشەپێدان و ڕەخساندنی هەلی کار تەماشا دەکرێت.
- هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی: لە دۆسیەی ئەمنیدا، باس لە پەرەپێدانی توانای هێزە عێراقییەکان، پڕچەککردن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری دەکرێت. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و پاراستنی سنورەکانی عێراق لە ژینگەیەکی ناوچەیی ئاڵۆزدا.
لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، جەخت دەکرێتەوە سەر ئەوەی کە پێویستە ئەم سەردانە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ڕاستەقینە و کرداریی بەکاربهێنرێت. داوا دەکرێت ئەنجامەکانی سەردانەکە ڕەنگدانەوەی خێرایان هەبێت لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری، سەقامگیریی بازاڕدا، و بەدوورگرتنی تەواوەتی عێراق لە ململانێی هێزە گەورەکان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە ٦ی ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە، شاندێکی گەورە لە بازرگانانی عێراق یاوەریی زەیدی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، بە مەبەستی فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی نیسانی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بانگهێشتی عەلی زەیدی کرد بۆ سەردانیکردنی واشنتن. لەو پەیوەندییەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە متمانەی هەیە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەتوانێت ئاییندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ عێراق دەستەبەر بکات.