لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "مەدا"، میسال ئالووسی، کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی سەردانەکەی "تۆم باراک"، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەغدا و ئەو قۆناغەی بە مێژوویی و چارەنووسساز بۆ عێراق وەسف کرد.
ئاوێنە: ئالووسی پێی وایە، ئاستی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران) قۆناغی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و نیشاندانی نیازپاکی تێپەڕاندووە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سیاسەتمەدارە، واشنتۆن مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژەی داوەتە تاران بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیاسەت و ڕەفتارەکانی لە ناوچەکەدا بکات و بە کرداریش خۆی وەک لایەنێکی پابەند بە یاسا و سیستەمی نێودەوڵەتی نیشان بدات.
سەبارەت بە پێگەی بەغدا لەو ململانێیەدا، ئالووسی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ٦٠ ڕۆژە وەک تاقیکردنەوەیەکی قورسە بۆ کابینە نوێیەکەی حکومەتی عێراق، تاوەکو لە ڕووی کردارییەوە بیسەلمێنێت کە دەوڵەتێکی فیدراڵیی خاوەن سەروەرییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ڕایگەیاند؛ سەردانەکەی تۆم باراک وەک نوێنەری ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونە کە دۆسیەی عێراق و سووریا لەلایەن کۆشکی سپییەوە چاودێرییەکی چڕی دەخرێتە سەر. هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەمریکا ئامادەیی هەیە لە ڕووی ئابووری و پشتیوانیکردنی کەرتی کارەباوە پلانەکانی بۆ هاوکاریکردنی عێراق جێبەجێ بکات، بەڵام ئەمە بەستراوەتەوە بە مەرجی ئەوەی بەغدا هەنگاوی یەک لە دوای یەک بۆ دوورکەوتنەوە و کەمکردنەوەی هەژموونی تاران لە وڵاتەکەیدا بنێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەکە، میسال ئالووسی هۆشدارییەکی توندی دا و ڕوونیکردەوە؛ ئەگەر لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران یان گرووپە چەکدارەکان دەست لە دەستێوەردانەکانیان هەڵنەگرن، ئەوا ئەمریکا هەنگاوی زۆر قورستر دەگرێتەبەر کە لە سزاکانی پێشوو توندتر دەبن. بە وتەی ناوبراو، ئەو ڕێوشوێنانە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی کەسایەتییەکان و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە، کە لە ئەنجامدا ڕەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕووخان و کۆتاییهاتنی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لە عێراقدا لەئارادایە.