حکومەتی عێراق بە فەرمی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئەگەری بڕین یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای گشتی بودجەوە. لەم چوارچێوەیەدا، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری باڵای دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی فەرمیدا دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە شایستە داراییەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە وەک هێڵی سوور تەماشا دەکرێت و بە تەواوی پارێزراوە.
ئاوێنە: ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم پابەندبوونە داراییەی حکومەت تەنها فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵکو خانەنشینان و سوودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، و دەوڵەت خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی بژێوی کەرتی گشتی.
بنەمای یاسایی بۆ خەرجکردنی دارایی
سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکانی بەڕێوەبردنی دارایی وڵات لە ئێستادا، مەزهەر محەممەد ساڵح ئاشکرای کرد کە سیاسەتی دارایی عێراق لەم قۆناغەدا پشت بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩) دەبەستێت.
ماددەی ١٣ لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی:
ڕێگە بە وەزیری دارایی دەدات مانگانە بەڕێژەی یەک لەسەر دوازدە (١/١٢) لەسەر بنەمای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو، پارە بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دابین بکات، تا ئەو کاتەی یاسای نوێی بودجە پەسەند دەکرێت.
چارەنووسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم میکانیزمە یاساییە نەک هەر مووچە و بژێوی خەڵک دەپارێزێت، بەڵکو بەردەوامی بە پڕۆژە خزمەتگوزاریی و وەبەرهێنانە بەردەوامەکانیش دەدات. بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژانە بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنیان دەبێت، بەو مەرجەی سیولەی نەقدی (پارەی کاش)ی پێویست لە گەنجینەکانی دەوڵەتدا لەبەردەستدا بێت.