هەشت سەرچاوەی عێراقی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە کە سوپای پاسدارانی ئێران شانەی نھێنی نوێی لە عێراق دروستكردون بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کەنداو کە میوانداری هێزەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەمەش تۆڕی گروپە چەکدارە ناسراوه‌كانی ئێستا تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌وڵێكیشه بۆ ئاشكرانه‌بونی گروپه نوێیه‌كان.
ئاوێنه: سێ لەو سەرچاوه عێراقییانه به ئاژانسه‌كه‌یان وتوه، سێ یان چوار شانەی ئه‌و گروپه نهێنیانه، کە هەر یەکێکیان لە نزیكه‌ی 10 شەڕکەری ده‌سته‌بژێری شیعەی عێراقی پێکهاتون، لانیکەم حەوت هێرشیان بە درۆن لە ناوچه بیابانییەکانی نزیک هەردو شاری بەسرە و سەماوە له باشوری عێراقه‌وه بۆ سەر چەند پێگەیەک لە کوێت، سعودیە و ئیمارات لە ماوەی نێوان 20ی نیسان بۆ 17ی ئایاردا ئەنجامداون.
به‌پێی قسه‌ی دو به‌رپرسی سه‌ربازیی عێراقی و به‌رپرسێكی ئه‌منی و پێنج فه‌رمانده‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی ناوخۆی عێراق، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم شانانە سەر بە "مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق"ن، کە هاوپەیمانێتییەکە لە کوتلە شیعە توندڕەوەکان پێکهاتوەو هەزاران شەڕکەر لەخۆدەگرێت. بەڵام ئەم گروپە نوێیانە لە دەرەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی خۆیان کاردەکەن و ڕاپۆرتەکانیان ڕاستەوخۆ بۆ سوپای پاسدارانی ئێران بەرزدەکەنەوە.
ئەو پێنج فه‌رمانده‌یه‌ی گروپە چەکدارەکان ڕایانگەیاندوە، پێکهێنانی ئه‌و شانە نوێیانه لە عێراق، کە بابەتێکە پێشتر لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاشکرا نەکراوە، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە شێوازی كاركردنی سوپای پاسداران بە ئامانجی پاراستنی توانای ئێران بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لە ناوچەکەدا، لەكاتێكدا کە گروپە چەکدارە لایەنگرەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بون و سەرچاوە سەربازی و ئابورییەکانیان دوچاری پەککەوتن هاتون.
رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه به‌شێك له گروپه چه‌كداره‌كانی عێراق ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه بۆ راده‌ستكردنی چه‌ك به ده‌وڵه‌ت و خۆبه‌دورگرتن له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌مریكا. جاسم بەهادلی، لیوای خانەنشینکراو لە سوپای عێراق و دو پەرلەمانتاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان پێیان وایە کە ئەم گۆڕانکارییە پێدەچێت سوپای پاسدارانی ئێرانی پاڵ پێوەنابێت بۆ دروستکردنی چه‌ند گروپێک کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیدا بن.
بەهادلی کە شارەزایە لە بواری گروپە چەکدارە شیعەکاندا ڕایگەیاندوە، ئەو گروپە نوێیانەی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دروستكراون، لە ڕوی قەبارەوە بچوکتر‌و لەڕوی ئایدۆلۆژییەوە توندڕەوترو لەژێر کۆنترۆڵێکی زیاتردان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێویستیی ئێرانه بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی لەژێر سایه‌ی گوشارە ئابورییەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار جەختی لەسەر "چاوەڕوانییەکانی خۆی کردووەتەوە کە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئامرازەکانی چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە عێراق، لە نێویاندا چالاكییه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراقدا".
سەباح نعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاماده نه‌بوه له‌باره‌ی ئه‌و گروپه نهێنیانه‌وه لێدوان بۆ رۆیته‌رز بدات. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی له نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و له جنێڤ هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارانەی ئاژانسه‌كه‌یان نەداوەتەوە له‌مباره‌یه‌وه.
سیان له سه‌رچاوه عێراقییه‌كان بە پشتبەستن بە تێکەڵەیەک لە زانیارییە هەواڵگرییە مرۆییەکان، پەیوەندییە دەستبەسەرداگیراوەکان و ئەو بەڵگانەی لە شوێنەکانی هەڵدانی درۆنه‌وه کۆکراونەتەوە، ڕایانگەیاندوە کە گروپه نوێیه‌كان لە کاتی ململانێکاندا لە عێراق دەرکەوتون، کە زۆربەی کات لە ژێر ناوی نەناسراو و بە دەرکەوتنی زۆر سنوردارەوە کار دەکەن. به‌قسه‌ی ئه‌وان ئه‌و گروپانه لانیکەم سێ هێرشیان بە درۆن دژی کوێت، دو هێرش دژی سعودیە و دو هێرشیشیان بۆ سەر ئیمارات ئەنجامداوە.
سەرچاوەکان بەبێ چونە ناو وردەکارییەکانەوە ئەوەشیان خستوەتەڕو، کە ئامانجی هێرشه‌كان بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوێتی گرتوەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون، لەگەڵ باڵەخانەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە هێرشەکانی سەر سعوودیە و ئیمارات پووچەڵکراونەتەوە، بۆیه نه‌یانتوانیوه بزانن ئامانجی هێرشه‌كان چ شوێنێك بوه.
بەرپرسه عێراقییه‌كان ڕایانگەیاندوە، سوپای پاسدارانی ئێران پەنای بۆ شانە نوێیەکان بردوە تاوەکو توانایەکی لۆژیکی بۆ نکۆڵیکردن هەبێت و بەرپرسیارێتی لەسەر گروپە سەرەکییەکانی سەر بە ئێران لە وڵاتەکەدا لابدات و گوشارەکانی ئەمریکاش لەسەر بەغدا بۆ داماڵینی چەکەکانیان کەم بکاتەوە.
ئه‌و به‌رپرسه عێراقییانه ئاماژەیان بەوە داوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق زانیاری سنورداریان لەسەر ئەم گروپانە هەیە، بەڵام کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی پله‌به‌ندییه‌كانی فەرماندەییكردنیان تا رێگری له هێرشه‌كانیان بكه‌ن له داهاتودا. هەروەها ڕایانگەیاندوە کە ئەم گروپانە شەڕکەرانی ده‌ستبه‌ژێر لەخۆدەگرن کە خاوەنی ئەزمونن لە هێرشه درۆنییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كاندا.
رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، گروپە نوێیەکان تاقیکردنەوەیەکی پێشوه‌خته‌ن بۆ عه‌لی زەیدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.