ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری چه‌ند به‌رپرس و سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی و سورییه‌وه بڵاویكردۆته‌وه، عێراق ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵدا، رۆژانه نزیكه‌ی 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه له‌ڕێی سوریاوه هه‌نارده بكات.
ئاوێنه: ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری چه‌ند به‌رپرس و سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی و سورییه‌وه بڵاویكرده‌وه، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئه‌وه‌ی له مانی ته‌موزی داهاتوه‌وه ده‌ست به هەناردەکردنی نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانه بكات له رێگه‌ی سوریاوه.
به‌پێی ئاژانسه‌كه، تەنانەت دوای ئاسایبونەی هاتوچۆی کەشتیوانیش لە گەروی هورمز بەغدا دەستبەرداری ئەم رێگایە نابێت.
وه‌ك رۆیته‌رز ئاماژه‌ی پێداوه، ئه‌و كاره لە چوارچێوەی ستراتیژی حکومەتی عێراقدا دێت به ئامانجی هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێگا نەریتییەكان لە ڕێگەی کەنداوەوە.
بە وتەی سەرچاوەكە، پلانەکە هەناردەکردنی نەفتاش دەگرێتەوە لە ڕێگەی بەندەرەکانی سوریاوە، بەغدا جەخت دەكاتەوە لە پشتبەستنی بەردەوامی بەم ڕێگایە تەنانەت دوای گەڕانەوەی گەروی هورمز بۆ هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی، لە چوارچێوەی سیاسەتێک بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە پشتبەستن بە یەک دەروازەی هەناردەكردنی نەوت.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ی رۆیته‌رز، هاوشانی ئەمەش، سوریا کاردەکات بۆ فراوانکردنی توانای بەندەری بانیاس بۆ وەرگرتنی باری نەوتی عێراقی زیاتر لەڕێگەی کردنەوەی ناوچەی بەتاڵكردنی زیادە و دامەزراوە پاڵپشتییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی رۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی سەرەکی رێڕەوی وزە لە ناوچەکەدا.
رۆیته‌رز هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، توانای ئێستای بەندەری بانیاس نزیکەی 900 تانکەرە لە رۆژێکدا، بەڵام کارەکانی گواستنەوە روبەڕوی ئاستەنگی لۆجستی دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابوری و قەرەباڵغی هاتوچۆوە هەیە لەسەر رێگاکانی بەرەو بەندەرەکە، ئەمە جگە لە هەندێک روداو و لێچونی سوتەمەنی لە چەند مانگی رابردودا.
چه‌ند بەرپرسێكی کەرتی نەوت كه قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌كه كردوه، جه‌ختیان له‌وه كردۆته‌وه، هاوکاری نێوان بەغدا و دیمەشق بەشێکە لە هەوڵێکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی رێگاکانی هەناردەکردنی جێگردەوە، بەشێوەیەك زامنی بەردەوامی رۆیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان بكات لە هەمو بارودۆخێکدا.
عێراق دوای داخستنی گه‌روی هورمز بیری له رێگه‌ی جێگره‌وه بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كردۆته‌وه. به‌پێی رۆیته‌رز له مانی نیسانی ئه‌مساڵه‌وه عێراق ملیۆنان به‌رمیل نه‌وتی له‌رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه گواستۆته‌وه بۆ به‌نده‌ری بانیاس و له‌وێوه هه‌نارده كراوه.