عێراق ئاستی ئامادەباشیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕەوەکانی سوریا بەرزدەکاتەوە
  2026-06-20       243       

بەهۆی ئەگەری قۆستنەوەی ناسەقامگیریی ناوچەکە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی سوریاوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان یان فراوانکردنی چالاکییەکانیان، دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق "بەناچاری"ـی ڕێکارە پێشوەختە و ڕێگریکارەکانیان بەهێزتر دەکەن.

 

ئاوێنە: میدیای "ئەلمەعلوومە" لەزاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند "ناوچەکە شاهیدی گۆڕانکارییەکی خێرای ئەمنییە کە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی عێراق؛ ئەم وڵاتەش لە ژێر سێبەری بەردەوامیی تەحەدا ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سوریا و ناوچەکە، بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکات".

ئەم نیگەرانییانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکان سەبارەت بە ئەگەری قۆستنەوەی دۆخی گرژی و ناسەقامگیری لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان، ئەمەش وای کردووە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق ڕێکارە بەرگرییەکانیان توندتر بکەن.

شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لە هەندێک ناوچەی سوریا، فاکتەرێکە وریایی و بەدواداچوونی بەردەوامی دەوێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی مەیدانی و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

هەروەها چاودێران جەخت دەکەنەوە کە عێراق، لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکەوتنی گەورەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەست هێناوە، پێویستی بە پاراستنی ئاستێکی بەرزی ئامادەباشی ئەمنی هەیە تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکات کە ئاسایشی ناوخۆ یان سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە بکاتە ئامانج.

لەو چوارچێوەیەدا، "حوسێن مەردان"، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریی دا
لە مەترسیی گرووپە تیرۆریستییە چالاکەکانی ناو سووریا بۆسەر ئاسایشی عێراق و جەختی کردەوە کە ئەم پێکهاتانە هێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

مەردان وتیشی "گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا هێشتا مەترسییەکی شاراوەن کە وا دەخوازێت دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام بن لە چالاکییە هەواڵگرییە چڕەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی ئێستا پێویستییان بە وریایی و ئاگاداریی زیاتر هەیە.

ئەم ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکرد، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی پێویستی بە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانیان هەیە بۆ پاراستنی وڵات لە مەترسییە دەرەکییەکان.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرچاوەیەکی سووری پەردەی لەسەر بوونی جووڵە و پاڵپشتی لۆجیستی و دارایی هەڵدایەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی چالاکیی گرووپە چەکدار و توندڕەوەکانە لە ناوخۆی سوریا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم جووڵانە پرۆسەکانی دابینکردنی پارە، مەشق و ڕاهێنان، دروستکردنی کەمپی سەربازی و گۆڕانکاریی مەیدانی لە خاکی سوریادا دەگرێتەوە.

سەرچاوەکە دەشڵیت "ئەم جووڵانە بە ڕێکخستنی ئەمنی و مەیدانیی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا بەستراوەتەوە و ئەگەری قۆستنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی یان پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی ئاسایش و سەقامگیریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەئارادایە".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×