حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە، بڕیاری خەرجکردنی شایستە داراییەکانی تایبەت بە سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ڕاگەیاند. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی هەموو شایستە یاساییەکانی مووچەخۆران و پاراستنی سەقامگیریی پیشەییە لە نێو دامەزراوە حکومییەکاندا.
ئاوێنە: دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی تەرخانکراوی دارایی لە بودجەدا تووشی ئاستەنگ ببوو و ڕاگیرابوو. لە ئێستادا کابینەی نوێی حکومەت هەوڵدەدات بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە، کۆتایی بەو وەستانە درێژخایەنە بهێنێت و متمانەی مووچەخۆران بە دامەزراوەکان بگەڕێنێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا و بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ڕاسپاردەی ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان، لایەنە سەربەخۆکان و پارێزگاکان کردووە کە بەپێی ڕێنماییەکان، دەست بکەن بە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی سەرمووچە و ئەو پلەبەرزکردنەوەیەی کە فەرمانبەران شایستەین.
بۆ خێراکردنی پرۆسەکەش و ڕێگریکردن لە پەککەوتنی ئەم شایستە داراییانە بەهۆی ڕۆتین و ڕێکارە ڕێکخستنییەکانەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە کە مامەڵەکانی (پلەبەرزکردنەوە، سەرمووچە، دۆسیەکانی دەرکردنی سیاسی و هەژمارکردنی بڕوانامەکان) لە گشتاندنی وەزاریی ژمارە ١٣٧١٣٧ بەدەر بکرێن، تاوەکو مافی هیچ کەسێک نەفەوتێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەکان بەشێکە لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەت بە پاراستن و دابینکردنی مافی فەرمانبەران.