وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی گشتاندنێکی فەرمییەوە کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، ڕێنمایی و بڕیارە نوێیەکانی پەیوەست بە پرۆسەی بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاوکردەوە.
ئاوێنە: بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، لە دوایین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە پرسی بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕیار دراوە بە دیاریکردنی مۆڵەتێکی سێ مانگە وەک دوا وادە بۆ تەواوکردنی گشت ڕێکارەکانی خۆتۆمارکردنی سەرجەم سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ناوبراودا.
لە بەشێکی دیکەی گشتاندنەکەدا ڕوون کراوەتەوە، لەسەر بنەمای بڕیاری حکومەتی فیدراڵی، هەر فەرمانبەرێک تا ڕێکەوتی ٣١ی ئابی ٢٠٢٦ خۆی لە پڕۆژەکەدا تۆمار نەکات و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرێتەوە، ئەوا شایستە داراییەکانی و مووچەکەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕادەگیرێت و پارەکەی بۆ حکومەتی هەرێم نانێردرێت.
لەبەر ئەوەی پرۆسەی دەرکردنی کارتی بانکی پاش خۆتۆمارکردن لەلایەن بانکەکانەوە پێویستی بە نزیکەی یەک مانگ هەیە، وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکان دەکات کە بە زووترین کات ڕێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی کە تەواوی سوودمەندانیان پرۆسەی خۆتۆمارکردنیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە و کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.