ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێریی بومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاپۆرتی نوێی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، گۆڕانکاریی کاتی لە کەشوهەوادا ڕوودەدات و پلەکانی گەرما بەڕێژەیەک ڕوو لە دابەزین دەکەن.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسیدا هاتووە، بۆ سبەینێ چوارشەممە، ئاسمانی سەرجەم ناوچەکانی عێراق بەگشتی ساماڵ دەبێت. هاوکات خێرایی با لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاواوە بەشێوەیەکی مامناوەند هەڵدەکات، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵێکی کەم بۆ مامناوەندی لێدەکەوێتەوە. لە ڕووی پلەکانی گەرماوە، پێشبینی دەکرێت لە سەرتاسەری وڵاتدا بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو چەند پلەیەک نزم ببنەوە، بەجۆرێک بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە نێوان 36 بۆ 48 پلەی سیلیزیدا دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی پێنجشەممە، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بەڵام لە پارێزگاکانی باشوور چەند پلەیەک دادەبەزن و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەبن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.
بۆ ڕۆژی هەینیش، ڕەوشەکە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری ڕوونادات، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی باشوور پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، دەستەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو، دۆخی ئاسمان هەر بە ساماڵی دەمێنێتەوە. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، لە تەواوی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی کەشوهەوای ڕۆژی پێشتر (هەینی) دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ و بەرچاو لە ڕەوشی کەشوهەوادا نابینرێت.