پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات کە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستگیرکراوە و بڕی ئەو پارەیەی لە کەیسەکەدا هاتووە بە زیاتر لە ١١٥ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
ئاوێنە: عەلا حەیدەری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەم کەیسە خستەڕوو. بەپێی وتەکانی ناوبراو، موناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراق، لەسەر تێوەگلانی لەو دۆسیە داراییە گەورەیەدا ڕوبەڕووی یاسا کراوەتەوە و دەستبەسەر کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکە هێشتا بەردەوامن و بەپێی پێشبینییەکانیش، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین کەسایەتی و بەرپرسی دیکەش لەسەر هەمان کەیس دەستگیر دەکرێن. حەیدەری ئاماژەی بەوەش داوە کە قۆناغەکانی داهاتووی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی چاوەڕواننەکراو و شۆکهێنەر ئاشکرا دەکەن.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە هەڵمەتێکی فراوان بۆ هەڵدانەوەی مەلەفەکانی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی عێراقدا دەستیپێکردووە و تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا ڕاپێچی بەردەم دادگا کراون.
یەکێک لە دیارترین ئەو کەیسانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دۆسیەی عەدان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سامانی نایاساییدا گیراوە کە پێکهاتووە لە:
١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی
٣١ ملیار دیناری عێراقی
٧٠ یەکەی نیشتەجێبوون (خانوو)
٢١ ئۆتۆمبێل
٣ کیلۆگرام زێڕ