لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا، ئامادەکارییە یاساییەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 50 بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشوی حکومەتی عێراق. تۆمەتی سەرەکیی ئاڕاستەکراو بەرامبەر بەم کەسانە پەیوەستە بە پێشێلکاریی دارایی، تێوەگلان لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی وڵات لە سەردەمی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتدا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی دادوەری وەک یەکێک لە توندترین ڕێکارەکان سەیر دەکرێت، چونکە لیستی تۆمەتباران کەسانی باڵای وەک (وەزیر، بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی، ئەفسەرانی باڵای ئەمنی، و پەرلەمانتارانی پێشو و ئێستا) لەخۆدەگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، کارەکان لە قۆناغی کۆتایدان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی یاسایی (حەسانە) لەو بەرپرسانەی کە تا ئێستاش لە پۆستەکانیاندان و لە ناو جومگەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ جدیبونی ئەم ڕێکارانەدا، فشارێکی سیاسیی چڕ و قورس لەلایەن چەند جەمسەرێکی دەسەڵاتەوە دەستیپێکردوە، بە ئامانجی پاشەکشەپێکردن یان سڕکردنی دادگا لە دەرکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنی سیاسیی ئەو تۆمەتبارانەی کە سەر بە لایەنە سیاسییە جیاوازەکانن. چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ناوی تۆمەتبارەکان، شەقامی عێراقی کاردانەوەی گەورەی لێ بکەوێتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە پرسی دادگاییکردنی تێوەگلاوانی گەندەڵی پێیناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن. لە دوای دەستگیرکردنی ناوبراو، دەستبەسەر بڕێکی ئێجگار زۆر پارەی کاش، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، و ژمارەیەکی زۆر خانوو و موڵکدا گیرا لە شارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تەواویان لەسەر ناوی ئەو بەرپرسە تۆمارکراون.
لەلایەکی دیکەوە و هەر لە پەیوەندی بە دۆسیەی دەستگیرکردنی بریکارەکەی پێشوی وەزارەتی نەوتەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە سەردانیکردنی ناوبراو دەکەن لە زینداندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی دادوەریدا هاتوە: "ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە گوایە ئەنجومەنی باڵای دادوەری (65 سەردان)ی بۆ لای بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن (عەدنان جومەیلی) لەلایەن بەرپرسان، وەزیران، پەرلەمانتاران، سەرکردەی گروپە چەکدارەکان، بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرمایەدارانەوە تۆمارکردبێت، زانیاریی نادروستن و دادگا هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نییە."