دەرباری بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار ترس و دڵەراوێکدا دروست بووە و د. نەرمین مەعروف ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی چەند هۆکارێک ئاشکرا دەکات.
ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف لە نوسراوێکدا لەژێر ناوی (بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار.. سەرنجێک بەکورتی) بڵاوکردەوە و دەڵێت "هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەبازاڕدا زیاتر بەهۆی زۆربوونی خواستی کڕینی دۆلارەوەیە نەک کەمبوونی خستنەڕوو".
وتوشیەتی "هۆکاری سەرەکی لە زیادبوونی خواستی کڕین بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و پێشبینی و لێدوانی هەندێ کەسانی نەشارەزاو ناپسپۆڕ سەبارەت بە ئایندەی نرخی دۆلار، و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەراوکێ لای هاوڵاتییان و مامەڵەکارانی بازاڕ لە دابەزاندنی نرخی فەرمی دینار بەتایبەت لەدوای گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی، و مەترسی قەیرانی دارایی حکومەت لەبەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور".
دەقی نوسراوەکەی د. نەرمین مەعروف:
بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار.. سەرنجێک بەکورتی
د. نەرمین معروف- ئابوریناس
یەکەم/ ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار تەنها لە بازاڕی رەش یان هاوتەریب (موازي) روویداوە، نرخی فەرمی دۆلار لە بانکی ناوەندی جێگیرە.
دووەم/ هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەبازاڕدا زیاتر بەهۆی زۆربوونی خواستی کڕینی دۆلارەوەیە نەک کەمبوونی خستنەڕوو.
سێهەم/ هۆکاری سەرەکی لە زیادبوونی خواستی کڕین بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و پێشبینی و لێدوانی هەندێ کەسانی نەشارەزاو ناپسپۆڕ سەبارەت بە ئایندەی نرخی دۆلار، و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەراوکێ لای هاوڵاتیان و مامەڵەکارانی بازاڕ لە دابەزاندنی نرخی فەرمی دینار بەتایبەت لەدوای گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی، و مەترسی قەیرانی دارایی حکومەت لەبەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور.
چوارەم/ لەبەر چەند هۆیەک ئەم ناجێگیریەی نرخی بازاڕ لە ئێستادا دۆخێکی کاتییە چونکە؛
١- نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵە جێگیر کراوەو بەردەوامدەبێت تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی نوێ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کە هێشتا چەند مانگێک ماوە بۆ ئامادەکردن و ناردنی بۆ پەرلەمان (ئەوە ئەگەر حکومەتی نوێ پابەندبێت بە یاسای ئیدارەی مالی و تا ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر پرۆژە یاساکە بینێرێتە پەرلەمان و لەوێش لەماوەی یاسایی پەسەندبکرێت).
٢- گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی پرسێکی نوێ نییە، لە ماوەی ساڵانی رابردووش لە زۆربەی کابینە نوێیەکانی حکومەت سەرۆک وەزیران گۆڕانکاری لەم پۆستەدا کردووەو بەوەکالەت پارێزگارێکی نوێی داناوە کە متمانەی پێبکات و یارمەتیدەری بێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نەختیە کە پاڵپشتبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی حکومەت و بەرنامەی کابینە وەزارییەکەی.
٣- ئەگەرچی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو چەند مانگێکە ئاستەنگی بۆ هەناردەی نەوتی خاوی عێراق درووستکردووە و بەهۆیەوە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو زۆر کەمیکردووە بەتایبەتی لە مانگی ئایار و حوزەیران بەلام هێشتا خەرجییەکانی حکومەت بەڕێژەی ١٢/١ ی خەرجییە کردارییەکانی کۆتا بودجە بەردەوامیی هەیە بەتایبەتی مووچە کە بڕگەی سەرەکییە لە بودجەی بەگەڕخستن، هەروەها بانکی ناوەندی بەردەوامە لە فەراهەمکردنی دۆلاری پێویست بۆ تەمویلیکردنی هاوردەو پابەندییەکانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی دەرەکی عێراق بەهۆی هەبوونی یەدەکی دراوی بیانی بە بەهای زیاتر لە ٩٠ ملیار دۆلار، ئەمەش بەواتای زیاتر لە کەڤەری بڕی هەموو خراوەڕووی دینار بە رێژەی ١٠٨٪ جگە لە توانای تەمویلکردنی پێداویستی هاوردەکردن بۆ زیاتر لە ١٣ مانگی داهاتوو (بە گریمانەی مانەوەی دۆخی ئێستا وەک خۆی).
٤- بانکی ناوەندی بەدرێژایی ساڵانی دوای رووخانی رژێم لەچوارچێوەی سیاسەتی نەختینە کاریکردووەو دەکات بۆ بەهێزکردنی بەهای دینارو کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسانی نرخەکان.
٥- هەر بڕیارێک بۆ دابەزاندنی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دینار لەسەر خواستی حکومەت ئەگەرچی کەمێک لە باری دارایی حکومەت وەک داهات باشتر دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت خەرجییەکانی زیاتر بکات بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەو بڕیارە لەسەر رەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، بەتایبەت توێژە هەژار و کەمدەرامەتەکان بەهۆی گرانی و زیادبوونی زیاتری رێژەی هەژاری و بێکاری کە پێم وانییە حکومەتی نوێ بیەوێت بیکاتە نۆبەرەو دەستپێکی جێبەجێکردنی کارو بەرنامە وەزارییەکەی.
پێنجەم/ ئەو کەسانەی کاریان ئاڵوگۆڕی دراو نییە و پێویستیان بە دۆلار نییە، یان بڕێکی کەم پارەی پاشەکەوتیان بە دینار هەیە باشترە لەم بارودۆخەدا خۆیان بەدووربگرن لە مامەڵەی ئاڵوگۆڕکردنی دینارو دۆلار تا بەدووربن لە زەرەر و زیانی ناجێگیری نرخی دۆلار چونکە هەمیشە قازانجی کەسانێک لەو ئاڵوگۆڕە زیانە بۆ کەسانێکیتر.